بوومەلەرزە ناوچەیەكی ئێران وێران دەكات
ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئێران ھۆشداری داوەتە سێ پارێزگای دیكە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك خۆراسانی ئێرانی ھەژاند، میدیا فەرمیەكانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، بەھۆی بوومەلەرزەكە 70% گوندەكانی پارێزگای خۆراسان وێران بوونە.
ھاوكات باس لەوە كراوە كە دەوام لە سەرجەم خوێندنگا و قووتابخانە و زانكۆكان وەستاوە و ھێڵەكانی پەیوەندی كردن پچراوە.
ئەگەرچی تا ئێستاش بە فەرمی ئاماژە بە ژمارەی قووربانیان نەدراوە، بەڵام میدیاكانی ئێران باس لە 2 كوژراو و 8 بریندار دەكەن و زیانە مادیەكانیش بە زۆر لە قەڵەم دەدەن.
ژمارەیەكی زۆر تیمی فریاكەوتن رەوانەی مەشھەد و دەوروبەری كراوە و ناوەندی بوومەلەرزە ناسی ئێران ھۆشداری داوەتە سێ پارێزگای دیكە.
بەیانی ئەمرۆ بوومەلەرزەیەكی سەروو پلە 6 رێختەری شاری مەشھەد و بە دوای ئەویشدا 9 بوومەلەرزەی سەروو 4 رێختەری ناوچەكانی دەوروبەری ھەژاند.