ھۆشداری دەدرێتە ھاووڵاتیانی ئێران تا سەردانی توركیا نەكەن
"ئەگەر ناچار نەبن سەردانی تورکیا نەکەن، چونكە كردەوەی تیرۆرستی و تەقینەوە زیادیكردووە"
K24 - ھەولێر
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا داوای لە هاووڵاتیانی ئێرانی کردووە، ئەگەر کاری زۆر پێویستیان نییە سەردانی تورکیا نەکەن.
بەختیار ئەسەد زادە، سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە ئیستانبوڵ بە ئاماژە کردنی بە زۆر بوونی ژمارەی کردەوە تیرۆرستییەکان و تەقینەوەکان لە تورکیا لە پاش کودەتای سەربازی ساڵی رابردوو، هۆشداری داوەتە هاووڵاتیانی ئێرانی کە ئەگەر ناچار نەبن سەردانی تورکیا نەکەن.
ئەو ئەندامەی دەستەی نوێنەرایەتیی ئیران لە تورکیا راشیگەیاندووە، لەو کاتەوە تورکیا پشتیوانی لە نەیارانی حکوومەتی سووریا دەکات، توند و تیژییەکان لە تورکیا زیاتر بوون.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیارانی ئێرانی سەردانی تورکیا دەکەن و لە ھەفتەی رابردوودا بەرپرسێکی باڵای ئێرانی گوتبووی گەشتیارانی ئێران لە تورکیا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ رێزیان پێ دەکرێت.