موسڵمان و یه‌هوودیی و كریستیان له ماڵێكدا كۆده‌بنه‌وه
دایكێكی یه‌هوودی و دوو كچی موسڵمان و پیاویكی كریستیان له ژێر سه‌قفی خێزانێكدا به ئارامی ده‌ژین
K24 - هه‌ولێر:
"منداڵه‌كانم فێركردووه، رێزی مرۆڤ بگرن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه. بۆ هه‌موو بۆنه ئاینییه‌كانی یه‌هوودییه‌كان له‌گه‌ڵ دایكیاندا ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، ئاماده‌ی نویژی كڵێسا و شه‌وی له دایكبوون ده‌بن له 24/12 ی هه‌موو ساڵێك، به بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زانیش ئاهه‌نگ ده‌گێڕن".
به‌م وشانه، ماجیده هاروون، سه‌رۆكی تائیفه‌ی یه‌هوودییه‌كانی میسر، ژیانی خێزانه بچووكه‌كه‌ی باس ده‌كات، كه بووه‌ته مایه‌ی سه‌رسامی زۆر كه‌س، ئه‌و هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ پیاوێكی كریستیانی كاسۆلیكی كردووه‌و دوو منداڵیشی هه‌یه هه‌ر دووكیان موسڵمانن.
دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له ژێر یه‌ك چه‌تردا ژیاون، ماجیده به كه‌ناڵی ئه‌لحوره‌ی ئه‌مریكی گوتووه "خێزانه‌كه‌م تا راده‌یه‌كی زۆر ژیانێكی هێمنیان هه‌یه، له‌گه‌ڵ یه‌كتریی به ئاشتی ده‌ژین".
ماجیده ده‌ڵێت "من پێشتر هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ پیاوێكی موسڵمان كردبوو، ئه‌و دوو كچه موسڵمانه‌م له‌و پیاوه بووه، دواتر هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ پیاوێكی كاسۆلیكی كرده‌وه‌و ئیستا ئه‌و به‌رپرسیارییه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی منداله‌كانمی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ".
ماجیده گوتوویه‌تی "خێزانه‌كه‌ی باوه‌ڕیان به پێكه‌وه ژیان هه‌یه، ئه‌وان زۆربه‌ی كات گفتوگۆ له‌سه‌ر ئایینه‌كان ده‌كه‌ن و له‌باره‌ی ئایینه‌كانه‌وه له یه‌كتری فێرده‌بن.
كه‌سوكاره نزیكه‌كانی ماجیده به‌و ره‌وشه ئارام و پێكه‌وه ژیانه‌ی ئه‌و خێزانه نامۆ نین، به‌ڵام كه‌سانی دیكه زۆرن ده‌پرسن ئه‌و هه‌موو بیروباوه‌ڕه له ناو ماڵێكدا چۆن كۆبوونه‌ته‌وه‌و ده‌ژین؟
له‌و باره‌وه ماجیده ده‌ڵێت "منداڵه‌كه‌م فێری چۆنییه‌تی قورئان خویندن كردووه، كاتێك له ده‌ره‌وه ده‌ژیاین،كاتێكیش هاتینه‌وه میسر، نه‌یانده‌زانی به زمانی عه‌ره‌بی قسه بكه‌ن.
له كۆتایی قسه‌كانیدا ماجیده ده‌ڵێت "خودامان یه‌كه و ئه‌گه‌ر بیه‌وێت یه‌ك بیروباوه‌ڕمان هه‌بێت، ئه‌وه هه‌ر روو ده‌دات".