کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ سێ هەرێم دابەشكران

وادەی ھەڵبژاردن دیاركرا

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دابەشكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەسەر سێ ھەرێم پەسەند كرد و ئەنجوومەنی دامەزرێنەری ئەنجوومەنی فیدڕاڵی باكووری سووریاش وادەی ھەڵبژاردنەكانی دیار كرد.

ھەدیە یوسف، ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سیستمی فیدڕاڵی لە باكووری سووریا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكانیان لە شاری رمێلان دابەشكردنی ناوچەكانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەرییان بەسەر سێ ناوچەی فیدڕاڵی پەسەند كردووە، ئەوانیش فوڕات و جەزیرە و عەفرین.

گوتیشی، ناوچەی فوڕات ھەر یەكە لە كۆبانێ و گرێ سپی لەخۆ دەگرێت و جزیرە پێكدێت لە حەسەكە و قامیشلۆ، ناوچەی سێیەمیش عەفرین و چەند ناوچە و گوندێكی دەوروبەری حەلەب دەگرێتەوە.

ھەروەھا ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سستمی فیدڕاڵی لە باكووری سووریا رایگەیاند، 22 ئەیلوول ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی خۆجێی بەڕێوەدەچێت و لە 3 تشرینی دووەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان و كانتۆنەكانی سستمی فیدڕاڵی لە باكووری سووریا بەڕێوەدەچێت،و ھەروەھا لە 19 كانوونی دووەمی ساڵی 2018، ھەڵبژاردنی ھەرێمەكان و كۆنگرەی گەلانی دیموكرات لە باكووری سووریا بەڕێوەدەچێت.