كلاسیكۆی نێوان داعش و سوپا له ته‌له‌عفه‌ره
"نزیكه‌ی 2000 چه‌كداری داعش له تهلهعفهردان"
K24 - هه‌ولێر:
جه‌نگی ته‌له‌عفه‌ر له جه‌نگی مووسڵ ئاسانتر ده‌بێت، چونكه ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش و خێزانه‌كانیان له‌و قه‌زایه‌دا زۆر كه‌متره.
لیوا نه‌جم عه‌بدوڵڵا جبوری، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی نه‌ینه‌وا به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه "پێشبینی ناكه‌م جه‌نگی ته‌له‌عفه‌ر زۆر سه‌خت بێت، هه‌ر چه‌نده دوژمن زۆر باش خۆی قایم كردووه".
جبوری ده‌ڵێت "جه‌نگه‌كه به‌راورد به 9 مانگی جه‌نگی مووسڵ و شه‌ڕكردن له ناوچه مێژوویی و كۆنه‌كاندا ئاسانتر ده‌بێت، چونكه له مووسڵ زیانی زۆر گه‌وره به‌ر سوپای عێراق كه‌وتبوو".
نه‌جم جبوری گوتوویه‌تی "چه‌كدارانی داعش له ته‌له‌عفه‌ر خۆیان كۆكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، وره‌یان زۆر نزمه".
فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت "1500 تا 2000 چه‌كداری داعش له مووسڵه‌وه هه‌ڵاتبوون بۆ ته‌له‌عفه‌ر، ژماره‌یه‌ك له‌وان له لایه‌ن هه‌ندێك له خێزانه‌كانی ئه‌و شاره‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، هه‌ر چه‌نده ژماره‌شیان زۆر بێت، ئه‌وه خۆیان له به‌رده‌م هێزه‌كانی عێراقدا بۆ ناگیرێت".
جبوری ئه‌وه‌یشی گوتووه "له ته‌له‌عفه‌ر ته‌نها به‌شێك هه‌یه هاوشێوه‌ی مووسڵی كۆن بێت، ئه‌ویش ناوچه‌ی سه‌رایه، له‌و شوینه‌دا ده‌بێت هێزه‌كانی عێراق به پێ پێشڕه‌وی بكه‌ن، چونكه كۆڵانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه زۆر ته‌نگه، به‌ڵام هێزه‌كانی عێراقی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه له رێگه‌ی تانكه‌كانه‌وه كۆنترۆڵ ده‌كانه‌وه".
دوای كه‌متر له مانگیك له سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی عێراق به‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش له مووسڵ، ئیستا ئاماده‌كاریی بۆ دوایین پێگه‌ی داعش له پارێزگاكه ده‌كه‌ن، ئه‌و شاره‌ی 45 كیلۆمه‌تر كه‌وتووه‌ته رۆژئاوای مووسڵهوهو وه‌ك شه‌ڕی گه‌وره‌ی داهاتوو دژی داعش ناوده‌برێت، شارێك كه پێش ئه‌وه‌ی ساڵی 2014 داعش داگیری بكات، ژماره‌ی دانیشتوانی 200 هه‌زار كه‌س زیاتر بووه.
رۆیته‌رز نوسیوویه‌تی "ساڵانی پڕ توندوتیژیی تائیفی نێوان سونه و شیعه پاش هاتنه ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان بۆ عێراق له ساڵی 2003، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك گه‌وره فه‌رمانده و سه‌ركرده‌ی داعش درووست بێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ته‌له‌عفه‌ر بووه‌ته شوێنێك بۆ ململانێی ئیقلیمی فراوان له پێناو هه‌ژموونی خۆیاندا، چونكه توركیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ توركمانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه زۆر نزیكه و په‌یوه‌ندی خوێن له‌گه‌ڵ توركمانه‌كان پێكیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌ر بۆیه دژی به‌شداری ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی شیعه‌یه به‌شداری شه‌ڕه‌كه بكه‌ن، كه له لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن.