دوو فڕۆكه‌وان خه‌ونی منداڵێكی بێ باوكیان به‌دیهێنا و خۆیان ده‌ركران

كاره‌كه‌یان پێچه‌وانه‌ی یاسا بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوو فڕۆكه‌وانی جه‌زائیری له‌ كاره‌كه‌یان دوورخرانه‌وه‌، چونكه‌ رێگه‌یان به‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 10 ساڵانی بێ باوك دابوو فڕۆكه‌ لێبخوڕێ.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ده‌یلی مه‌یلی بریتانی، ئه‌و دوو فڕۆكه‌وانه‌ له‌ ڤیدیۆیه‌كدا ده‌ركه‌وتوون كاتێك رێگه‌یان به‌و منداڵه‌ بێ باوكه‌داوه‌ له‌ شوێنی فڕۆكه‌وانه‌كان دابنیشێت. ئه‌وه‌ش مانگی رابردوو روویداوه‌و ئه‌و كاته‌ بووه‌ كه‌ فڕۆكه‌كه‌ له‌ پایته‌خته‌وه‌ به‌ره‌و شاری سه‌تیف رۆیشتوه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌و منداڵه‌ خه‌ونی ئه‌وه‌ بووه‌ ببێته‌ فڕۆكه‌وان، بۆیه‌ ئه‌و دوو فڕۆكه‌وانه‌ خه‌ونه‌كه‌یان به‌ دیهیناوه‌و و كاتێك له‌ شوێنی فڕكه‌وان دانیشتووه‌، وێنه‌یشیان گرتووه‌‌.

له‌ ڤیدیۆكه‌دا ده‌بینرێت منداڵه‌كه‌ به‌ ئازادانه‌ له‌ ناو فرۆكه‌كه‌دا دێت و ده‌چێ و له‌ كاتی پشكنیندا یارمه‌تی فڕۆكه‌وانه‌كان ده‌دات، پاش ئه‌وه‌ بانگێشتیان كردووته‌ ژووری كۆنترۆڵه‌وه‌.

به‌ڵام هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتی منداڵه‌كه‌ به‌ نایاسایی ناوده‌برێت و ئه‌و كاته‌ی گۆڕانكاریی له‌ پرۆگرامه‌ رێكخراوه‌كانی فڕۆكه‌كه‌دا ده‌كات، پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ و رێگه‌پێدراو نییه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پێگه‌ی "هیراڵد" بۆ فڕین، رۆژی 26/7/2017 گرته‌ ڤیدیۆكه‌ له‌ ته‌له‌ڤیزیۆنێكی جه‌زائیری بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و رۆژی 29/7/2017 فڕۆكه‌وانه‌كان له‌ كاره‌كه‌یان ده‌ركراون.