به ڤیدیۆ.. هایپه‌رلووپ هه‌نگاوێكی دیكه‌ی به سه‌ركه‌وتوویی بڕی
به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌كه: گوێت له ده‌نگی داهاتوو ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
قۆناغی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌ی هایپه‌رلووپ، ئامرازه خێراكه‌ی گواستنه‌وه, سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا و كۆمپانیای "هایپه‌رلووپ وه‌ن" رایگه‌یاند، كه‌پسووله‌ی "XP-1" خێراییه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كرد و گه‌یشتنه 310 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا.
شیرفین بیشیڤار، دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای هایپه‌ر لوو وه‌ن رایگه‌یاند، ئێستا سه‌ره‌تا و به‌یانی قۆناغێكی نوێیه له بواری گواستنه‌وه.
له قۆناغی یه‌كه‌م، كۆمپانیاكه، كه‌پسووله‌ی XP-1ى به خێرايی 300 كلیۆمه‌تر له كاتژمێرێك تاقیكرده‌وه و ئێستا سه‌رقاڵی په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌كه‌ن و له قۆناغی دووه‌م خێراییه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته 310 كلیۆمه‌تر.
به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌كه ده‌ڵێت: "كاتێك كه‌پسووله‌ی هایپه‌رلووپ، به نێو لووله بۆڕییه‌كه‌دا ده‌ڕوات، وا هه‌ست ده‌كه‌یت گوێت له ده‌نگی داهاتوو ده‌بێت".
كۆمپانیاكه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و هه‌نگاو به هه‌نگاو سه‌رقاڵی په‌ره‌پێدانی خێرایی ئه‌و كه‌پسووله‌یه‌ن، كه به‌سیسته‌می پاڵنه‌ری كاره‌بایی پاڵه‌په‌ستۆ نزم كارده‌كات و له داهاتوو بۆ گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و گواستنه‌وه‌ی مرۆییش به‌كارده‌هێنرێت.
بیشیڤار ده‌ڵێت: "سه‌لماندمان ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیا نوێیه به شێوه‌یه‌كی باش كارده‌كات، ئێمه ئاماده‌ین ئێستا ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ین له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و حكوومه‌ته‌كانی هه‌موو جیهان بۆ به بازاڕخستنی ئه‌و كه‌پسووله‌یه".
قۆناغی یه‌كه‌می تاقیكردنه‌وه‌ی كه‌پسووله‌كه، له 12ی ئایار/ مایۆی 2016 له‌سه‌ر سكه‌ی "DebLoop" له بیابانی نیڤادای ئه‌مه‌ریكا تاقیكرایه‌وه.