چەند سیناریۆیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دەخرێنەڕوو

"ئەگەر ھەندێك لایەن نێنە ژێرباری كاراكردنەوەی پەرلەمان دەتوانن بیر لە سینارۆیی دیكە بكەنەوە"

K24 - ھەولێر

پێشنیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان بە ھەمان دەستەی ئێستای سەرۆكایەتیەوە خراوەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام تا ئێستا بزووتنەوەكە وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی نەدواوەتەوە، لە ئەگەری مانەوەی دۆخەكە وەك خۆیی و نەھاتنە پێشەوەی گۆڕان و كۆمەڵ چەندین سیناریۆیی دیكە ھەن كە دەكرێ پەرلەمانی پێ كارا بكرێتەوە.

شێركۆجەودەت، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "باوەڕمان وایە پەرلەمان دامەزراوەیەكی نیشتمانییە، پێویستە بە یەكڕیزی نیشتمانییەوە كارابكرێتەوە بە تەواوی دەسەڵاتەكانیەوە، یەكگرتوو ئێستا توێژینەوە لەسەر سیناریۆكان دەكات، بەڵام تا ئەو ئەگەرانەی چاوەڕێ دەكرێ رووبدەن ناتوانێ بڕیاربدەین".

ھەر لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شيوعی دەڵێ: "ئەگەر ھەندێك لایەن نێنە ژێرباری كاراكردنەوەی پەرلەمان، دەتوانن بیر لە چەندین سینارۆیی دیكە بكەنەوە و زەمینە برەخسێنێ، بەڵام بەرلەوە دەبێ ھێزە سیاسییەكان تا دواخاڵ لەگەڵ ھەوڵ لەگەڵ یەكتربدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر".