كاروانێكی دیكەی چەك و تەقەمەنی ئەمریكا گەیشتە رۆژئاوای كوردستان

"لە شەودا و بە بارھەڵگری داپۆشراو گواستراوەتەوە"

K24 - ھەولێر

بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی داعش و رزگاركردنی رەققە، ئەمریکا 112 بارهه‌ڵگری دیكەی چەك و تەقەمەنی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرد.

بەگوێرەی ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ،  112 بارهه‌ڵگر كه‌ هاوكاری سه‌ربازیان هه‌ڵگرتبوو له‌ سنووری عێراقه‌وه‌ گەیشتووەتە‌ حه‌سه‌كه‌ لە رۆژئاوای كوردستان كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی پارتی یەكێتی دیموكرات (په‌یه‌ده)‌دایه‌.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كاروانی هاوكاریه‌كه‌ پێكهاتبوو له‌و هه‌مه‌ڕانه‌ی کە سوپای ئه‌مریكا به‌كاریان ده‌هێنێت، له‌گه‌ڵ تانكه‌ری گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی و ئۆتۆمبێلی مامناوه‌ند، ئەو ھاوكاریانە لە كاتی شەو و بە بارھەڵگری داپۆشراو رەوانەی رۆژئاوا كراوە.

ئەنادۆڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێش ئه‌م كاروانه‌ 909 بارهه‌ڵگر هاوكاری راده‌ستی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌یه‌ده‌ كراوه‌ كه‌ له‌ 5 حوزه‌یراندا، 60 بارهه‌ڵگر و له‌ 12 حوزه‌یراندا، 20 بارهه‌ڵگر و له‌ 16 حوزه‌یراندا، 50 بارهەڵگر و له‌ 26 حوزه‌یراندا، 120 بارهه‌ڵگر و له‌ 5 ته‌مووزدا، 82 بارهه‌ڵگر و له‌ 9 ته‌مووزدا، 102 بارهه‌ڵگر و له‌ 13 ته‌مووزدا، 95 بارهه‌ڵگر و له‌ 17 ته‌مووزدا، 100 بارهه‌ڵگر و له‌ 22 ته‌مووزدا، 100 بارهه‌ڵگر و له‌ 27 ته‌مووزدا، 80 بارهه‌ڵگر و له‌ 31 ته‌موزدا، 100 بارهه‌ڵگر.

ئەو ئاژانسە راشیگەواندووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە پێنتاگۆنەوە دەستی کەوتووە، لیستی ئەو چەکانەی دەدرێتە یەپەگە، بەم چەشنەیە، 12 هەزار کڵاشنکۆف، شەش هەزار تفەنگی مەکینە، سێ هەزار و 500 تفەنگی مەکینە قورس، سێ هەزار RPG-7، هەزار AT-4 یان SPG-9.235 تۆپی هاوەن، 100 تفەنگی قەناس، 450 دوربینی PV-7.