بارزانی: دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی به واتای خۆكوشتنی سیاسی دێت
بارزانی په‌یامێك بۆ وڵاتانی دراوسێ و ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی ده‌نێرێت
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له ههڤهیڤینێكدا، له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "الاهرام"ی میسری، سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر حزبێكی سیاسی دژی ریفراندۆم بێت، مانای خۆكوشتنی سیاسییه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی ئه‌و رۆژنامه میسرییهدا، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئامانج له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم چییه، بارزانی ده‌ڵێت: "ته‌نها یه‌ك وشه‌یه، ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییه".
په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و میسر
بارزانی له باره‌ی بوونی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی میسر رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆنسوڵخانه‌ی گشتی میسر له هه‌ولێره پایته‌خت هه‌یه و هیواداریم په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رده‌وام به‌ره‌و باشتر بچێت.
سه‌رۆك بارزانی ئاماژه به‌وه ده‌كات، ته‌واوی نوێنه‌ر و كۆنسووڵی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئاگادار كراونه‌ته‌وه و پێشتر له‌گه‌ڵیان كۆبوونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به رۆڵ و پێگه‌ی وڵاتی میسر ده‌كات له ناوچه‌كه و به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ میسر و عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته، ئاشكراشی ده‌كات، به‌م زووانه سه‌ردانی میسر ده‌كات.
سه‌باره‌ت به هۆكاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ رۆژنامه‌كه رایده‌گه‌یه‌نێت، له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، ته‌واوی حكوومه‌ته‌كان شكستیان هێناوه له‌وه‌ی وه‌كو هاوبه‌شێكی راسته‌قینه له كورد بڕوانن و دان به‌وه‌دا بنێن كه دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ن له عێراق، به‌رده‌وام وه‌كو دو‌ژمنێك له كوردیان روانیوه و هه‌موو شهڕێكیشیان له دژی كورد تاقیكردووه‌ته‌وه، هه‌ر له كۆمه‌ڵكوژی و زینده به چاڵكردن، تاكو كیمیاییبارانكرد.
بارزانی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، زیاتر له 180 هه‌زار كورد له پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال زینده‌به‌چاڵ كران، له كۆی 5 هه‌زار گوند، 4500یان وێران كران.
دوای 2003
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه به قۆناغی دوای 2003 ده‌كات و بۆ رۆژنامه‌كه دووپاتی ده‌كاته‌وه، دوای 2003 كورد بۆ ئه‌وه چووه به‌غدا، تاكو به‌یه‌كه‌وه وڵاتێك بنیات بنێنه‌وه، مافی هاووڵاتیبوون و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی تێدابێت، خه‌ڵكه زیانلێكهوتووهكهی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه و كورد به‌شداری له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی كرد، به‌ڵام به درێژایی 14 ساڵی رابردوو، ده‌سه‌ڵاتداران له به‌غدا نه‌یانتوانی بیسه‌لمێنن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد، له‌وانی پێشووتر و پێش خۆیان باشترن، هه‌مان سیاسه‌تی پێشووتریان گرته‌به‌ر له پشتگوێخستن و په‌راوێزخستن، ته‌نانه‌ت له ساڵی 2014ه‌وه به‌شه بودجه و قووتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیشیان بڕی.
بارزانی ده‌ڵێت: "به به‌غدامان راگه‌یاند، په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیاسه‌تانه بوونه‌ته پاڵنه‌ری شه‌قامی كورد، بۆ گوشارخستنه سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ گۆڕینی شێوازی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا، هاوكات كاركردن له پێناو ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ رێگرتن له‌به‌رده‌م گه‌وره‌تربوونی كێشه و ململانێكان له داهاتوودا، هه‌روه‌ها گۆڕینی ئه‌و قۆناغه له هاوبه‌شییه‌كی شكستخواردوو بۆ دراوسێیه‌تییه‌كی سه‌ركه‌وتوو".
25ی ئهیلوول
سه‌رۆك بارزانی له باره‌ی ئامانج له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، كه بڕیاری له 25ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری داهاتوو ئه‌نجامد بدرێت، بۆ رۆژنامه‌ی ئه‌هرامی میسری رایگه‌یاند ئامانجه‌كه‌مان یه‌ك وشه‌یه، ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییه.
سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك و ئه‌و سامانه سرووشتییه‌ی له‌و شاره‌دا هه‌یه، بارزانی رایگه‌یاند، كه‌ركووك به هه‌موو سامانهكهیهوه كوردستانییه، هه‌موو خێروبێره‌كه‌ی موڵكی نهتهوهكانیهتی به كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحی، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هه‌یه داهاته‌كه‌ی بۆ حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا بووه، به چهكدراوه، به‌و چه‌كانه‌ش كوردستانییان پێ سووتاندووه.
بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كردووه، ئێستا مادده‌یه‌كی ده‌ستووری هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێك له‌و پاریزگایه ئه‌نجام بدرێت، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه و پارێزگاریش بڕیاریانداوه به‌شداری له ریفراندۆمی داهاتوو له 25ی ئه‌یلوولدا بكه‌ن.
دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و خۆكوشتنی سیاسی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتیكرده‌وه، هیچ هاووڵاتییه‌كی كوردستان نییه له دژی ریفراندۆم و ته‌نانه‌ت دژی سه‌ربه‌خۆییش بێت، به‌ڵام به‌رده‌وام له سیسته‌مه دیموكراتییه‌كان ناكۆكی سیاسی له‌نێوان حزبه‌كانه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ك چۆن ناكۆكی و جیاوازی سیاسی هه‌یه، به هه‌مان شێوه هاوپه‌یمانێتیش هه‌یه، بۆیه له‌و بڕوایه‌دام هه‌ر حزبێك دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی بكات، به واتای خۆكوشتنی سیاسی دێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌ی ئه‌هرامی میسری، سه‌باره‌ت به‌وه په‌یامی بۆ پایته‌خته‌كانی عه‌ره‌بی چییه و له سه‌ره‌تاشدا له به‌غداوه ده‌ستپێده‌كات.
په‌یامی بارزانی بۆ به‌شێك له وڵاتان
بارزانی بۆ به‌غدا ده‌ڵێت: "له هاوبه‌شیكردن شكستمان هێنا.. با ببینه دوو دراوسێی هاوپه‌یمان".
سه‌باره‌ت به ئه‌نقه‌ره‌ش ده‌ڵێت: "كوردستان دراوسێیه‌كی سه‌قامگیر و ئارامی ئێوه‌یه".
بۆ دیمه‌شقیش ده‌ڵێت: "رێز له بژاره‌كانی گه‌لی سووریا ده‌گرین و ناكۆكیمان له‌گه‌ڵیاندا نییه".
سه‌رۆك بارزانی سه‌باره‌ت به سعوودیه‌ش ده‌ڵێت: "گه‌ل و حكوومه‌ت و پاشاكه‌ی دۆست و بران و په‌یوه‌ندییه‌كی پیتهومان هه‌یه له‌گه‌ڵیاندا".
بۆ تارانیش ده‌ڵێت: "هه‌ڵوێستی ئه‌وان له‌بیر ناكه‌ین كاتێك چه‌كدارانی داعش په‌لاماری كوردستانییان دا، ئه‌وان پێشه‌نگی ئه‌و وڵاتانه بوون كه هاوكارییان كردین و شانبه‌شانی ئێمه وه‌ستان".
سه‌باره‌ت به قاهیره‌ی پایته‌ختی میسریش، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ قاهیره، مێژووییه و كاتێك بارزانی نه‌مر له ساڵی 1958 له مۆسكۆبوو، به قاهیره‌وه گه‌ڕایه‌وه به‌غدا و ئه‌وكات چاوی به سه‌رۆك جه‌مال عه‌بدولناسر كه‌وت".