جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان راسپاردەی كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی پەسەند كرد
گۆڕان: هەر لایەنێک هاتبێتە پێشەوە ئێمەش بەدەمییەوە دەچین
K24 - ههولێر:
جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان راسپاردەی كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی پەسەند كرد و جەختی كردهوە ئامادەی دانووستانن.
ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ كۆبووەوە، لەنێویاندا تاووتوێكردنی ریفراندۆم و ئاساییكردنەوەی پەرلەمان و كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی.
دوای كۆبوونەوەكە، ميدیاكانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویانكردەوە رەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەكە ئاماژەی بەوە كردووە, جڤاتی گشتی و بزووتنەوەی گۆڕان دانووستان بە خەباتی سیاسی کارا دەزانێت.
گوتیشی: "گۆڕان هەمیشە بۆچوونی وابووە، هەر لایەنێک هاتبێتە پێشەوە, ئێمەش بەدەمییەوە دەچین، بەمەرجێک گفتوگۆکان بەرژەوەندی گشتی تێدابێت ئامادەین بۆ دانوستان".
سەرۆکی جڤاتی گشتی ئاماژەی بەوەشکردووە یەکڕیزی نیشتیمانی پرسێکی گرنگە، پێویستە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد بێتەکایەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە دووربخرێتەوە لە کێشە و گێژاوی زیاتر.