سه‌رۆك بارزانى: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە

سه‌رۆك پێشوازی لە كەیا ئیزۆڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوید كرد.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و ئەوانەی دەڵێن كات گونجاو نییە بۆ ریفراندۆم دەبێ پێمان بڵێن ئەدی كەی گونجاوە؟ یان بەدیلی ریفراندۆم چییە؟

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سەلاحەددین پێشوازی لە كەیا ئیزۆڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوید كرد.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم، لە دیدارەكەدا سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوید پشتيوانى بۆ ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی راگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو، رەوەندی كوردیی هەر چوار پارچە بە جۆش و خرۆشەوە پشتیوانی ریفراندۆمن.

هەروەها باسی ئەو چالاكییانەی كرد كە فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوید بە نیازە لە په‌رلەمانی سوید و گردبوونەوەی جەماوەری لە سوید و هێنانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ كوردستان ئەنجامی بدات.

له‌ به‌رامبه‌ردا، سەرۆك بارزانی سوپاسی رۆڵی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سویدی كرد لە پشتیوانیكردنی ریفراندۆم و دەستخۆشی لێكردن.

لە وتەیەكدا ئاماژەی بە بڕیاری ریفراندۆمی كوردستان دا و جەختی لەوە كردەوە، ئەم بڕیارە بڕیاری خەڵكی كوردستانە و لە ئەنجامی شكستهێنانی شەراكەت و تەوافوق لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە.

لە درێژەی وته‌كانيدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە 7ـی حوزەیرانی 2017 كە تێیدا بڕیار درا 25ى ئەیلوولی 2017 وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بكرێت و بە رۆژێكی پرشنگدار لە مێژووی گەلی كوردستان وەسفيكرد.

سەرۆك بارزانی دووپاتیشكردەوە، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و ئەوانەی دەڵێن كات گونجاو نییە بۆ ریفراندۆم دەبێ پێمان بڵێن ئەدی كەی گونجاوە؟ یان بەدیلی ریفراندۆم چییە؟