وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه وه‌ڵامی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس ده‌داته‌وه
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس: باشتره سه‌رقاڵی ئه‌رك و كاری خۆی بیت
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، وه‌ڵامی جێگری فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌داته‌وه و قسه‌كانی به زێده‌ڕۆیی وه‌سف ده‌كات.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له روونكردنه‌وه‌كه‌دا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی، له هه‌ندێك له میدیاكان رێگه‌ی به‌خۆی داوه قسه له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا، قسه‌كانی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس به زێده‌ڕۆی وه‌سف ده‌كات و هاتووه: "له وه‌ڵامی ئه‌م زێده‌ڕۆییه، به‌م به‌رپرسه سه‌ربازییه‌ی حه‌شد ده‌ڵێین كه ئه‌رك و كاره‌كه‌ت دیاره كه چیه و باشتره سه‌رقاڵی ئه‌رك و كاری خۆی بیت. كارێك كه په‌یوه‌ندی به تۆ نه‌بێت و كار تۆ نه‌بێت بۆت نییه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ی".
هه‌رێمی كوردستان، به ته‌واوی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌كانییه‌وه، بڕیاریداوه له رۆژی 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام بدات و تێیدا هاووڵاتیان ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن.