کریستیانۆ رۆناڵدۆ سزایەکی سەخت دەدرێت
K24- هەولێر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی پاڵپێوەنانی ناوبژیوانی یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا رووبەڕووی سزایەکی سەخت دەبێتەوە و لە دەستپێکی وەرزی نوێی لالیگا دادەبڕێت.
رۆناڵدۆ بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی سوپەری کلاسیکۆ لە بەرامبەر بارسێلۆنا، کە کریستیانۆ دوای هاتنە ناوەوەی بۆ ناو یاریگە گۆڵێکی کرد، لەوانەیە بۆ 4 تاکو 12 یاری سڕ بکرێت.
کریستیانۆ دوای ئەوەی گۆڵی دووەمی بۆ ریال مەدرید کرد درێسەکەی لەبەر کردەوە و کارتێکی زەردی وەرگرت، دواتر بەهۆی کەوتنی لە ناوچەی سزای بارسێلۆنا کارتێکی دیکەی زەردی بەڕوودا بەرزکرایەوە و بە کارتی سور لە یارییەکە کرایە دەرەوە، ئەمەش دۆنی تووڕەکرد و پاڵی بە ناوبژیوانەوە نا.
دوای یارییەکە ناوبژیوان لە راپۆرتەکەی ئاماژەی بە پاڵپێوەنانەکەی کریستیانۆ کردووە و نووسیویەتی 'کریستیانۆ وەکو ناڕەزایەتییەک پاڵێکی سووکی بە ناوبژیوان نا'. بەمەش یاریی نەکردنی کریستیانۆ لە یاریی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا مسۆگەر دەبێت، لەکاتێکدا زینەدین زیدان دوای یارییەکە رایگەیاند تانە لە کارتە سوورەکەی دۆن دەدەن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کارتە زەردکەی دووەمی بسڕێتەوە.
بەپێی ماددەی ژمارە 96ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەگەر یاریزانێک بە شێوەیەکی ناشرین ناڕەزایی لە بەرامبەر ناوبژیوان دەرببڕێت، ئەوا 4 تاکو 12 یاری سڕ دەکرێت و بەگوێرەی پێشبینییەکانی ماڵپەڕی (دۆنبالۆن)ی ئیسپانی، کریستیانۆ 6 یاری سڕ دەکرێت و جگە لە یارییەکەی چوارشەممە بەشداریی 5 گەڕی دەستپێکی لالیگا ناکات.