ھادی عامری: مەحاڵە شەڕی پێشمەرگە بكەین

مالیكی: ئێمە لەگەڵ داخوازییە رەواكانی گەلی كوردستانین

K24 - بەغدا

ھادی عامری رایگەیاند، باسكردن لە رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی راست نییە و مەحاڵە شەڕی پێشمەرگە بكەین.

ئەمڕۆ شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە عێراقییەكان كۆبوونەوە، لە سەرەتاشدا لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوە.

نێردراوی كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "جبووری لە كۆبوونەوەكە بە شاندی كوردستانی گوتووە، ئێمە وەك پەرلەمانی عێراق رێگری ناكەین لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لە ھەمانكاتدا ناتوانین بڵێین پشتیوانتان دەبین".

ھەر ئەمڕۆ شاندی كوردستان لەگەڵ ھادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر و سەركردە لە حەشدی شەعبی كۆبوونەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 عامری، گوتی: "باسی رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەكرێت ئەمە راست نییە، پێشمەرگە لە خزمەت گەلی كوردستان و عێراقدایە، مەحاڵە جارێكی دیكە شەڕی پێشمەرگە بكەین".

كەمێك لەمەوبەریش كۆبوونەوەی شاندی ھەرێمی كوردستان و نووری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كۆتایی ھاتم بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، نووری مالیكی رایگەیاندووە، ئێمە لەگەڵ داخوازییە رەواكانی گەلی كوردستانین و دەبێ بە زمانی گفتوگۆ كێشەكانمان چارەسەر بكەین.