رامۆس بووەتە عاشقی کارتە سوورەکان

هەرجارەو ریکۆردێک لە وەرگرتنی کارتی سوور دەشکێنێت

K24- هەولێر

خەریکە سێرخیۆ رامۆس دەبێتە عاشقی یەکەمی کارتە سوورەکان، بەو کارتە سوورەی لە یاریی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیا بەڕوویدا بەرزکرایەوە ریکۆردی لە وەرگرتنی کارتی سوور لە لالیگا تۆمارکرد.
رامۆس لە ماوەی 12 ساڵ یاریکردنی لەگەڵ ریال مەدرید 18 کارتی سووری لەلالیگا بەڕوودا بەرزکراوەتەوە و ریکۆردی پابلۆ ئالفارۆ و خاڤی ئەگوادۆی هاوتاکردەوە، بەربژێرە بۆ ئەوەی لە مێژووی خولەکە ببێتە خاوەنی زۆرترین کارتی سوور.
کاپتنەکەی ریال مەدرید لەوەتەی 2009 تاکە یاریزانی لالیگایە 9 کارتی سووری بەڕوودا بەرزکرابێتەوە و هیچ یاریزانێکی خولی ئیسپانیا لەو ماوەیەدا ئەوەندە کارتە سوورە نەچووەتە ناو پرۆفایەلەکەی.
رامۆس لەو 143 یارییەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجامی داوە هیچ کارتێکی سووری وەرنەگرتووە، کەچی لەگەڵ ریال مەدرید لە ماوەی 12 ساڵدا 23 کارتی سوور و 211 کارتی زەردی لەلایەن ناوبژیوانانەوە پێدراوە.
رامۆس لە کلاسیکۆ خاوەنی زۆرترین کارتی سوورە و و تاکو ئێستا لە یارییەکانی بەرامبەر بارسێلۆنا پێنج کارتی سووری بەڕوودا بەرزکراوەتەوە و هەمیشە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا، رامۆس بەربژێری یەکەمە بۆ ئەوەی بە کارتی سوور ریال مەدرید ناچار بکات بە 10 یاریزان یارییەکە تەواو بکات.
رامۆس کە بە لێدانە سەرەکانی زۆر جار بووەتە فریادڕەسی مەدریدییەکان و لە 366 یاری 50 گۆڵی بۆ مێرێنگی کردووە، لە بەرامبەر هەر دوو گۆڵێک بۆ ریال مەدریدی تۆمار کردبێت، یارییەک بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە و تیپەکەی ناچارکردووە بە

10 یاریزان یارییەکە تەواو بکات.