گوتەبێژی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی: ئەنجامدانی ریفراندۆم كاریگەری لەسەر ھاوكاریكردنی پێشمەرگە نابێت

ھاوپەیمانان لە ھاوكاریكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن

K24 - هه‌ولێر:

گوتەبێژی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی، رایان دیڵن، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 جەختی لەوە كردەوە، كە ئەنجامدانی ریفراندۆم كاریگەری لەسەر ھاوكاریكردنی پێشمەرگە لە لایەن ھاوپەیمانەكانەوە نابێت و ئەوان بەردەوام دەبن لە ھاوكاریكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە.

رایان دیڵن گوتیشی: "رێز و خۆشەویستیان بۆ پێشمەرگە ھەیە و تا ئەو كاتەی ئەركیان لە ناوچەكە و لە دژی داعش كۆتایی پێدێت، ھاوكاری پێشمەرگە دەكەن".

له‌ باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ریش رایگه‌یاند، ھیچ كاتێكيان دیارینەكردووە بۆ كۆتایی ھاتنی شەڕه‌كه‌ و گوتی: "جەنگ رووداوی پێشبینی نەكراوی تێدەكەوێت".

هه‌روه‌ها گوتی: "لەم ھەفتەیش 60 ھێرشی ئاسمانیمان ئەنجامداوە، ئەمە ھاوكار بووە لە پێشڕەوییەكانی ھێزە عێڕاقییەكان. ئێمە بە پێدانی زانیاری ھەواڵگری یارمەتی پێشكەش دەكەین".