كوردستان 24 ده‌چێته ناو گه‌وره‌ترین كارگه‌ی درووستكردنی چه‌كی داعش
شوێنی درووستكردنی چه‌كی قورس و جۆره‌ها بۆمب بووه
K24 - هه‌ولێر:
كارگه‌یه‌كی درووستكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی داعش له ته‌له‌عفه‌ر ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه، كه گه‌وره‌ترین كارگه‌ی درووستكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بووه‌و له جه‌نگه‌كاندا به‌كاریان ده‌هێنا.
تیمی كوردستان 24 چووه ناو ئه‌و كارگه گه‌وره‌یه و به گوێره‌ی وێنه‌كان، تا پێش ئه‌وه‌ی داعش كارگه‌كه جێبهێڵێت و هێزه ئه‌منییه‌كان بچنه ناویه‌وه، كاریان تێداكردووه.
ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی سوپای عێراق به كوردستان 24 راگه‌یاند :"ئێره گه‌وره‌ترین كارگه‌ی داعش بووه له ته‌له‌عفه‌ر و جۆره‌ها چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی قورس و مامناوه‌ند و سوكیان تیدا درووستكردووه".
ئێستا هێزه‌كانی عێراق نزیكه‌ی 90% شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ریان كۆنترۆڵكردووهتهوهو به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، داعش ته‌نها چه‌ند كۆڵانێكی كه‌میان له شارۆچكه‌كه‌دا به ده‌سته‌وه ماوه‌و و فه‌رمانده‌كانی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراقیش ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه له رووی سه‌ربازییه‌وه ته‌له‌عفه‌ر به ته‌واوی كۆنترۆڵكراوه.