توركیا له سنووری عه‌فرین ئاماده‌كاری سه‌ربازی زیاتر ده‌كات
ده‌ستیان به بۆردوومانی پێگه‌كانی یه‌په‌گه كردووه
K24 - هه‌ولێر:
هێزه چه‌كداره‌كانی توركیا، ئاماده‌كاری كردووه‌و پێداویستی زیاتری بۆ ئه‌و یه‌كه سه‌ربازیانه‌یان ناردووه كه له سنووری كیلیس له به‌رامبه‌ر شاری عه‌فرین جێگیركراون.
شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگری گواستنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی كه تانك و زرێپۆشی له‌سه‌ر بووه، نێردراون بۆ پاسه‌وانی سێیه‌می سنوور كه له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان جێگیركراون، جگه له‌وانه تۆپی گه‌وره له‌سه‌ر سنوور دانراوه‌و رۆژنامه‌ی حوڕیه‌تی توركی ئه‌و زانیاریانه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه.
له هه‌مانكاتدا هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری توركی، دوێنێ بۆردوومانی پێگه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" یان له شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان كردووه.
له‌و باره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی "خه‌به‌ر تورك" نوسیوویه‌تی "ئه‌و یه‌كه سه‌ربازیانه‌ی سوپای توركیا كه له‌سه‌ر سنوور جێگیركراون، به تۆپی قورس، له گونده‌واری عه‌فرین و شارۆچكه‌ی مه‌رعناز بۆردوومانی پێگه‌كانی یه‌په‌گه‌یان كردووه".
هه‌روه‌ها یه‌كه‌كانی سوپای سووریای ئازادیش هێرشیانكردووه‌ته سه‌ر شه‌ڕڤانه‌كانی یه‌په‌گه له گونده‌واری عه‌زازی باكووری سووریا و شه‌ڕ له نێوان هه‌ر دوو لایاندا روویداوه.