داواكارى گشتى ئێران داواى داخستنى 8 هه‌زار كه‌ناڵى تێليگرام ده‌كات

وەزارەتیش بەشێكی زۆرى ئەو كەناڵانەی داخستووە

K24 – هه‌ولێر:

بە مەبەستی داخستنیان، داواكاری گشتی تاران لیستی 8000 ھەزار كەناڵی تێليگرامی داوەتە وەزیری پەیوەندیيەكان و داواى داخستنيان ده‌كات.

محەممەد جەواد ئازەری وەزیری پەیوەندیيەكان رايگه‌ياند، داواكاری گشتی لیستی ھەشت ھەزار كەناڵی تێليگرامی رادەستی وەزارەتەكەیان كردووە و وەزارەتیش بەشێكی زۆرى ئەو كەناڵانەی داخستووە.

بە وتەی ئازەری وەزارەتەكەیان پابەند دەبن بە داخستنی ھەموو ئەو كەناڵانەی لەگەڵ یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ھەماھەنگ نین.

ھاوكات پێداگریشی كردەوە ھیچكام لە دەستگاكانی حكومەت دژی فیلتەر كردن نین و فیلتەر كردن لە ئێران لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێدەكرێت.

به‌كارهێنه‌رانى ئينته‌رنێت له‌ ئێران به‌ هۆى به‌رده‌ست نه‌بوونى زۆرێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بايه‌خى زۆرتر به‌ كه‌ناڵه‌كانى تۆڕى په‌يوه‌ندى تێليگرام ده‌ده‌ن و به‌رهه‌ڵستكارانى ئێرانيش بۆ گه‌ياندنى په‌يامه‌كانيان بۆ ناو ئێران سوود له‌و كه‌ناڵانه‌ وه‌رده‌گرن.