داوای به هه‌رێمكردنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا له ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كه‌ین
"سه‌ره‌تا پارێزگایه‌ك و دواتر ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچه‌كانمان"
K24 - هه‌ولێر:
رۆمیۆ هه‌كاری، سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی به‌یت نه‌هرەینی ده‌ڵێت "له ده‌وڵه‌تی كوردستان داوای به‌هه‌رێمكردنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ین".
رۆمیۆ هه‌كار له دیدارێكدا به ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵوی راگه‌یاندووه: "ته‌نها دوو لایه‌نی سیاسی له‌نێو حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كریستیان له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا نیین" و گوتوویه‌تی "ریفراندۆم ناوچه دابڕاوه‌كانیش ده‌گرێته‌وه".
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی به‌یت نه‌هرەینی ئه‌وه‌یشی گوتووه "ئێمه بۆ قۆناغی دوای داعش، داوای پارێزگای ده‌شتی نه‌ینه‌وامان كردووه، ئێستا ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ده‌ستی داعش رزگار کراوە، سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و كڵێساش رێككه‌وتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باشترین و گونجاوترین رێوشوێن بۆ ئێمه و چاره‌سه‌ر بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو سته‌م و زوڵم و جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژیه‌ی له دێر زه‌مانه‌وه له‌دژی خه‌ڵكی ئێمه كراوه كه دوایین و خوێناوی‌ترین و قورسترینییان هاتنی داعش بوو له ئابی 2014 تا ئۆكتۆبه‌ری 2016، ده‌بێت خه‌ڵكی خۆمان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی دروستكردنی پارێزگایه‌ك كه دواتر ببێته ئۆتۆنۆمی، ئێمه باسی ئۆتۆنۆمی ده‌كه‌ین له پارێزگای ده‌شتی نه‌ینه‌وا".
رۆمیۆ هه‌كاری ده‌ڵێت: "ئێمه وه‌كو گه‌لی سریانی كلدانی ئاشووری دوو حزبی سیاسیی له‌گه‌ڵ ریفراندۆم نییه، به‌ڵام زۆرینه‌ی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ ریفراندۆمداین، له كۆبوونه‌وه‌ی 23ی ئه‌م مانگه‌ش له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم كه كۆبووینه‌ته‌وه خاڵێكمان وروژاند كه له نێوان حزب و لایه‌نه ئاشوورییه‌كان و توركمانه‌كان و پێكهاته‌كانی دیكه دانیشتن بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مانه‌تێك هه‌بێت بۆ مافه‌كانی ئێمه، ده‌بێت مافه‌كانی ئێمه پارێزراو بێت و گه‌ره‌نتی یاسایی و ده‌ستووری هه‌بێت و مافه‌كانمان له ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان جێگیر بكرێت.
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی به‌یت نه‌هرەینی ده‌ڵێت: "قه‌د بیرمان له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه مامه‌ڵهكردن له‌گه‌ڵ ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوانمان بێت، ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له داواكردنی مافه‌كانمان، گوتوومانه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له سیسته‌می سیاسی و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان به‌گوێره‌ی به‌رزبوونی سه‌قفی داواكارییه‌كانی برا كورده‌كانمان، سه‌قفی داواكاریی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش به‌رز ده‌بێته‌وه، ئێمه داوای ئۆتۆنۆمی ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ش له ره‌شنووسی هه‌رێمی كوردستان جێگیر كراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر كوردستان ببێته ده‌وڵه‌ت ئێمه‌ش داوای هه‌رێم ده‌كه‌ین وه‌كو مافێكی سرووشتی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه كه به‌شداربووه له‌خۆشی و ناخۆشی له سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش. ته‌نها دوو حزبی سیاسیی ئێمه له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا نیین، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێك هه‌بێت له‌نێوان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و لایه‌نی دووه‌م كه هه‌رێمی كوردستانه له‌سه‌ر مافه‌كانمان ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه ئه‌و كات رازی نه‌بن هه‌ڵه ده‌بن، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئێمه له‌گه‌ڵ ریفراندۆم ده‌بن به زۆرینه‌ی هه‌ره زۆر ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه هه‌بێت".