لە سۆران ژمارەیەك ھاووڵاتی ھێرش دەكەنە سەر نەخۆشخانە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە لەبارەی رووداوەكە بۆ كوردستان24 دەدوێت

K24 - سۆران

پەیامنێری كوردستان24 لە سۆران رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەك ھاووڵاتی ھێرش دەكەنە سەر پزیشكی ئێشگر لە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران و بۆ ماوەیەك بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە داخرا".

دكتۆر كاروان جەمال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی بە كوردستان24 گوت: "شەوی رابردوو ژمارەیەك ھاووڵاتی لەكاتی سەردانكردنی بەشی فریاكەوتن، دەمەقاڵەیان لەگەڵ پزیشكی ئێشگر كردووە و ھێرشیان كردوەتەسەر و لێیانداوە".

لەبارەی پاراستنی پزیشكەكە لەلایەن پۆلیس، دكتۆر كاروان گوتی: "بەداخەوە پۆلیس بۆ پاراستنی نەخۆشخانەكە لەوێن، بەڵام ھیچ ھەڵوێست و رۆڵیان نەبووە، بۆیە وەك بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانە سكاڵامان لەسەر ھەردوولا تۆماركردووە، ھەم ئەو كەسانەی ھێرشیان كردووەتە سەر پزیشك ھەمیش ئەو پۆلیسانەی لە نەخۆشخانەكە بوون و پزیشكیان نەپاراستووە، ئێستا چاوەڕێی رێكارە یاساییەكانین".