هەسەدە چەند خاڵێكی ستراتیژی لە رەققە كۆنترۆڵكرد

35 ھاووڵاتی لە دەستی داعش رزگاركران

K24 - ھەولێر

ھەسەدە ئاشكرای دەكات، چەندین خاڵی ستراتیژیان لە رەققە كۆنترۆڵكردووە و ھێزەكانیان لە پێشڕەویدان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی رەققە.

ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك (ھەسەدە) رایگەیاند، ئەمڕۆ ھێزەكانیان توانییان مزگەوتی سەفا و ئەنوار ئەلقودس و قوتابخانەی خالید بن وەلید لە گەڕەكی دەرعییە لە رۆژئاوای رەققە كۆنتڕۆڵ بكەن. ھەروەھا شەوی رابردووش پاڕكی پانۆڕامایان كۆنتڕۆڵكرد، كە گەڕەكەكانی نەزلێت شەحادە و یەرمووك و دەرعییە بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ھێزەكانیان مزگەوتی رەحما و قوتابخانەی عوقبە بن نافع لە قەڕەكی مروور كۆنتڕۆڵ كردووە.

ھەسەدە راشگەیاندووە، 35 ھاووڵاتی سڤیلیان لە گەڕەكی جەمیلییە لە رۆژھەڵاتی رەققە رزگاركردووە.