داھاتی دەروازە سنوورییەكان 62 ملیار دیناری تێپەڕاند
لە مانگی رابردوو داھاتی دەروازەكان زیادیكردووە
K24 - ھەولێر
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق داھاتی مانگی ئابی دەروازە سنوورییەكانی بڵاویكردەوە و رایگەیاند، تەنیا لەمانگی ئابی ئەمساڵ دەروازە سنوورییەكان 62 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، داھاتی دەروازە سنوورییەكان لە مانگی ئاب بەراود بە مانگی تەمووز بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووەو تەنیا لە دەروازەی سنووری سەفوان داھات گەیشتووەتە نزیكەی 30 ملیار دینار.
دەستەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە مانگی تەمووزی رابردوودا بە داھاتی شەش دەروازەی سنووری و بە فرۆكەخانەكانی بەسرەو نەجەفەوە نزیكەی 37 ملیار دینار بووە و ئەمەش دەردەكەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان رووی لە بەرزبووەنەوە كردووە.
حكوومەتی عێراق لە مانگی رابردوو دەروازەی سنووری عەرعەری لەگەڵ سعوودییەو ھەروەھا دەروازەی تڕێبڵی لەگەڵ ئوردەن بەرووی بازرگاناندا كردەوە.