لە رەققە شەڕێكی سەخت لە ئارادایە
47چەكداری داعش كوژران
K24 - رەققە
هێزەکانی سووریای دیموکرات گەڕەکی مروریان لە شاری رەققە کۆنتڕۆڵکردەوە و 47 چەکداری داعشیشیان کوشتوون.
پەیامنێری کوردستان24 لە شاری رەققە رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە شەرێکی سەخت لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارانی داعش لە شاری رەققە بەردەوامە و هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیویانە گەڕەکی مرور لە رۆژئاوای شاری رەققە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و هاوکات 47 چەکداری داعشیشیان کوشتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیان بەسەر دوو ئۆتۆمبێڵی بۆمبرێژکراوی داعشدا گرتووە و شەڕیش لە گەڕەکەکانی نەهدە و سەکنە و مەنسوور بەردەوامە.
لە مانگی شەشی رابردووەوە ئۆپۆراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری رەققە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 65% شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.