"به‌بێ گۆڕان و كۆمه‌ڵیش په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌"

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان: گۆڕان و كۆمه‌ڵ به‌شداریی نه‌كه‌ن پله‌ و پۆسته‌كان دابه‌شده‌كرێنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

جه‌عفه‌ر ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سبه‌ی كاتژمێر حه‌وتی ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌ و له‌ئه‌گه‌ری به‌شدارینه‌كردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان پله‌ و پۆسته‌كان دابه‌شده‌كرێنه‌وه‌.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گوتیشی، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش تایبه‌ته‌ به‌ پرسی ریفراندمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

ئیمنكی له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژ، به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند: "له‌ دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، باسی دواخستنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناكرێت و ئه‌و پرسه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆمه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ نه‌كه‌ن، كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و په‌رله‌مانی كوردستان كارا ده‌كریته‌وه‌.

بڕیاره‌ دوای نزیکەی 2 ساڵ لە  لەکارکەوتنی پەرلەمانی کوردستان تەواوی لایەنەکان جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی پەرلەمانی کوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌. دەشڵێن، ئامانج لەکاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی.

Fly Erbil Advertisment