ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ئاشكرا دەكرێت

بۆ روونكردنەوە لەبارەی سیستمی پاشەكەوتی مووچە نوێنەرانی حكوومەت بانگێشت دەكرێن

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان رایگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری گرنگ بەڕێوەچوو، لە ماوەیەكی نزیكدا نوێنەرانی حكوومەت بۆ روونكردنەوە لەبارەی پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە و چەند پرسێكی بانگێشت دەكرێن.

بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "لە كۆبوونەوەكە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە بانگێشتی نوێنەرانی حكوومەتی ھەرێم دەكرێت كە راسپێردراون بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی پاشەكەوتی مووچە و دەستەبەری شەفافییەت لە داھاتی نەوت و ئامادەكردنی كاندیدانی ئەنجوومەنی سندووقی داھاتە نەوتی و گازییەكان، ھەروەھا چاكسازییە كارگێڕی و داراییەكان و سیستمی بایۆمەتری، بۆ روونكردنەوەی ئەو رێكارانەی كە حكوومەت ئەنجامیداون".

گوتیشی: "دوای لێك گەیشتنمان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیاری كاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە بە زووترین كات دیار دەكرێت".