پەرلەمان و حكوومەت پاشەكەوتی مووچە تاوتوێ دەكەن
"ھەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە بگەینە ئەنجامێك"
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە كۆدەبنەوە، سكرتێری پەرلەمانیش دەڵێ، ھەوڵدەدەن بگەنە ئەنجامێك بۆ پێداچوونەوە بۆ پاشەكەوتی مووچە.
بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەتی ھەرێم بۆ رونكردنەوە لەبارەی پێداچوونەوە بە سیستمی پاشەكەوتی مووچە و دەستەبەری شەفافییەت لە داھاتی نەوت و ئامادەكردنی كاندیدانی ئەنجوومەنی سندووقی داھاتە نەوتی و گازییەكان، ھەروەھا چاكسازییە كارگێڕی و داراییەكان و سیستمی بایۆمەتری كۆدەبینەوە".
گوتیشی: "لە دانیشتنمان لەگەڵ حكوومەت، ھەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە بە ھەردوولا بگەینە ئەنجامێك و چارەسەری كێشەكان بكەین بە تایبەتی پێداچوونەوە بە سیستمی پاشەكەوتی مووچە".