لەبارەی دۆخی بازاڕ دڵنیایی دەدرێتە ھاووڵاتیان

"نرخی بەنزین و كاڵا دابەزیووە"

K24 - ھەولێر

قائیمقامی ناوەندی هەولێر دڵنیایی بە هاووڵاتیان دەدات کە بەهۆی ریفراندۆم نرخی هیچ کاڵایەک و بەنزین بەرزنەبووەتەوە و گوتیشی لە کۆگاکاندا بۆ زیاتر لە شەش مانگ خواردن و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان هەیە و پێویست ناکات هاووڵاتیان خواردنی زیاتر بکڕن.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نەبەز حەمید، قایمقامی ھەولێر گوتی: "نرخی ھیچ كاڵایەك لە بازاڕەكان بەرز نەبووەتەوە، بە پێچەوانەوە لە دوێنێوە نرخی ھەندێك شت و مەك دابەزیووە، ھەر كەسێكیش ئەم دۆخە بقۆزێتەوە و نرخی ھەر شتێك بەرز بكاتەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت".

گوتیشی: "ھاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە ھەموو شتێك زۆرە لە بازاڕەكانی كوردستان، داوایان لێ دەكەین خۆیان دڵەڕاوكێ نەكەن و زیان بە خۆیان نەگەیەنن".