سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەكی لە وەزیری بەرگریی به‌ریتانیاوە پێ گەییشت

به‌ریتانیا دوای ریفراندۆم هه‌ڵوێستی چییه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نامه‌یه‌كی له‌ مایكل فاڵن، وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیاوه‌ پێگه‌یشتووه‌، كه‌ تێیدا ده‌ڵێت: "ئێستا كە ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە داواتان لێ دەكەم كە دەست بە گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بكەن لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان ".

مایكل فاڵن وەزیری بەرگریی به‌ریتانیا لە نامەكه‌یدا بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكات بۆ میوانداری و ئەو گفتوگۆ ڕاشكاوانەیە كە لەكاتی سەردانیدا بۆ كوردستان لەنێوان ئەو و سەرۆك بارزانی پەیوەست بە بابەتی ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە.

لە بەشێكی دیكه‌ی نامەكەدا، وەزیری بەرگریی به‌ریتانیا ستاییشی گەلی كوردستانی كردووە كە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی تیرۆر بوونە و هەزاران شەهید و قوربانیان لەو شەڕە داوە و دەستخۆشیشی كردووە كە سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی گەورە هاوسەنگی لە حوكمڕانیی كوردستان ڕەچاو كراوە.

مایكل فاڵن وەزیری بەرگریی به‌ریتانیا لە بەشێكی دیكه‌ی نامەكەیدا بۆ سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: "ئێستا كە ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە داواتان لێ دەكەم كە دەست بە گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بكەن لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان تاكوو بگەنە چارەسەرێكی گونجاو بۆ هەموو لایەك و بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و هێمنانە".

لە كۆتایی نامەكەیدا، وەزیری بەرگریی به‌ریتانیا، هانی سەرۆك بارزانی دەدات كە بەردەوام بن لە شەڕی داعش بە جۆرێك كە ڕێگە نەدرێت دووبەرەكی بكەوێتە نێوان كوردستان و عێراقییەكان لە شەڕی دژی تیرۆر و ناوچە ئازادكراوەكان بە هێمنی و ئارامی بمێننەوە.