مەرجەعی باڵای سوننەکانی ئێران هۆشداری ده‌داته‌ بەغدا

"گەلی كورد بە درێژایی مێژوو لە لایەن حكومەتی بەعسەوە نەھامەتی زۆری بینیوە و قڕكراوە"

K24 - هه‌ولێر:

مەرجەعی باڵای سوونەكانی ئێران، داوا لە حكومەتی بەغدا دەكات، ھەڵەكانی پێشوویان بەرامبەر كورد دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌و لەگەڵ گەلی كورد كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكەن.

مەولانا ئەبدولحەمید لە بەیاننامەیەكدا كە لە ماڵپەری تایبەتی سونە مەزھەبەكانی ئێراندا بڵاو كراوەتەوە دەڵێ: "گەلی كورد بە درێژایی مێژوو لە لایەن حكومەتی بەعسەوە نەھامەتی زۆری بینیوە و قڕكراوە و ئێستاش فشار خستنە سەر ھەرێمی كوردستان كارێكی دوژمنكارانەیە و پێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی عێراق و جیھانی ئیسلامیشە".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ھەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی ھەرێمی كوردستان و ھەرەشە و ترساندنی خەڵك، سەرئەنجامێكی ترسناكی بۆ داھاتووی عێراق و ناوچەكانی دیكەی عێراق لێدەكەوێتەوە".

لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا مەرجەعی سونەكانی ئێران داوا دەكات "وڵاتانی ناوچە و دراوسێی عێراق و حكمومەتی بەغدا بە لەخۆبردوویی و بە دیالۆگ و لە رێگەی ئاشتیانەوە كێشەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن".