سهرۆكايهتى ههرێم: هيوادارين ئهمريكا به ههڵوێستى خۆيدا بچێتهوه
وەڵامێک بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – ههولێر:
له راگهيهندراوێكدا كه وێنهيهكى بۆ كوردستان 24 نێردراوه، وتهبێژى سهرۆكايهتى ههرێم وهڵامى وهزيرى دهرهوهى ئهمريكا دهداتهوه و رايدهگهيهنێت: زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی رۆژی هەینیی بەڕێز رێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
له راگهيهندراوهكهدا هاتووه: هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.
دهقى راگهيهندراوهكه:
وەڵامێک بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
گەلی کوردستان، کە بە بەردەوام و بە دڵگەرمییەوە پشتیوانی ئەمەریکایان کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش و رژێمی سەددام حوسێن، زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی رۆژی هەینیی بەڕێزرێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دەبوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەر لە هەموو وڵاتان تەقدیر و رێزی لە بڕیاری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرتایە هەروەکو زیاتر لە 92٪ـی گەلی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد و شەفاف و ئاشتیخوازانە لە 25ـی ئەیلوول داوایان کرد.
ریفراندۆمەکە بە گوێرەی یاساکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بانگەوازی بۆ کرا و پەرلەمانی کوردستانیش پەسەندی کرد. ئەم پرۆسەیە بە گوێرەی چەندین بڕگەی دەستووری عێڕاق رێپێدراوە. ریفراندۆمەکە دەرفەتی بۆ گەلی کوردستان رەخساند تاوەکو مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن هەروەکو لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیداری دواتردا هاتووە.
سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە ئەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتوندوتیژیانەی ریفراندۆمەکە، بەڵام نە ئەمەریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005وە بەردەوامە.
هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.
د. ئومێد سەباح
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
1ی 10ـی 2017