ئامار و ڤیدیۆ.. مێسی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال چی بۆ ئارجێنتینا کردووە؟

نزیکەی ساڵێکە جگە لە مێسی هیچ یاریزانێکی دیکەی ئارجێنتینا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال گۆڵی نەکردووە

K24- هەولێر

لیۆنێل مێسی هەڕەشەی لەسەر نەتوانێت بەشداریی مۆندیالی 2018 بکات و لەوانەیە ئارجێنتینا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال نەگاتە مۆندیا، مێسی کە پێنج جار بە باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکراوە لە یاریکردن لە گەورەترین بۆنەی تۆپی پێ بێبەش بێت.

مێسی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لەگەڵ ئارجێنتینا بەشداریی 9 یاریی کردووە و 4 گۆڵی کردووە، کە دوو گۆڵیان بە پێناڵتی بووە، بەڵام لە دوایین یاریی نەیتوانی بەرامبەر پیڕۆ هیچ گۆڵێک تۆمار بکات و ئەگەر بەرەبەیانی چوارشەممە لە ئیکوادۆر نەبەنەوە، مێسی و هاوڕێکانی ناگەنە مۆندیال.

مێسی بەرامبەر پیڕۆ
مێسی بەرامبەر پیڕۆ

لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018 ئارجێنتینا لەگەڵ میسی و بەبێ مێسی جیاوازیی چییە؟

مێسی بەشداریی 9 یاریی ئارجێنتینای کردووە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018، ئارجێنتینا لە 5 یاری سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 3 یاریی یەکسان بووە و یارییەکیشی دۆڕاندووە، رێژەی گۆڵکردنی ئارجێنتینا لەو یارییانەی مێسی بەشداریی کردووە 1.11یە، رێژەی سەرکەوتنی ئارجێنتیناش لەو یارییانەی لیۆ بەشداریی تێدا کردوون 55% بووە.

مێسی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی رووسیا بەشداریی 8 یاریی ئارجێنتینای نەکردووە و لەو یارییانەدا ئارجێنتینا تەنیا سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە و لە 2 یاری بەرامبەرووە و لە 3 یارییش شکستیهێناوە، رێهەی گۆڵکردنی ئارجێنتینا لەو یارییانەی مێسی بەشدارییان تێدا ناکات 0.8 بووە، رێژەی سەرکەوتنی ئارجێنتیناش بەبێ مێسی تەنیا 13% بووە.

لەوەتەی رۆژی 16ی نۆڤێمبەری 2016 جگە لە لیۆنێل مێسی هیچ یاریزانێکی دیکەی ئارجێنتینا گۆڵی تۆمار نەکردووە، لە کاتێکدا لەوەتەی ئارجێنتینا بە سێ گۆڵی خاوێن لەو رۆژەدا لە کۆلۆمبیای بردەوە، کە مێسی گۆڵێکی کرد و ئانخێل دی ماریا و لۆکاس براتۆش دوو گۆڵەکەی دیکەی تانگۆیان کرد، ئارجێنتینا پێنج یاریی ئەنجام داوە.

ئارجێنتینا لە 11 مانگی رابردوودا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی رووسیا 5 یاریی ئەنجام داوە و تەنیا سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە، ئەویش بە گۆڵێکی مێسی بوو لە بەرامبەر چیلی، لە 3 یاریش یەکسان بووینە کە دوویان بەبێ گۆڵ بوو بەرامبەر پیڕۆ و ئۆرۆگوای، بە گۆڵێکیش لەگەڵ ڤێنزوێلا یەکسان بوون، یارییەکیشیان دۆڕاند و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە بۆلیڤیا دۆڕان.

ئارجێنتینا لە 5 یاری 2 گۆڵی کردووە، تەنیا گۆڵێکی لەلایەن مێسی کردووە و گۆڵەکەی دیکەش بەهەڵە لەلایەن بەرگریکاری رکابەرەکانی ئارجێنتینا تۆمار کراوە.

مێسی بەرامبەر پیڕۆ
مێسی بەرامبەر پیڕۆ

مێسی بەرامبەر پیڕۆ چیکرد؟

گەرچی مێسی نەیتوانی بەرامبەر پیڕۆ هیچ گۆڵێک تۆمار بکات و لەوم یارییە چارەنووسسزاە سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بەدەست بهێنێت، بەڵام لە یارییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و دوای یارییەکە خۆرخێ سامپاولی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا گوتی 'ناتوانین لەمە زیاتر داوا لە میسی بکەین، هەموو شتێکی لە یارییەکە کرد، شووت، پاس و هەلیشی بۆ هاوڕێکانی رەخساند'.

مێسی لە یاریی بەرامبەر پیڕۆ 8 شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کرد، بێ ئەوەی هیچ شووتێکی بۆ ناو گۆڵ بێت. لیۆ لە یارییەکەدا ئۆفسایدێکی لەسەر هەژمارکرا و 2 فاولیشی لەلایەن ناوبژیوانی بۆ گیرا.