بە چەقۆ هەوڵی كوشتنی ئیسكۆ درا

رۆژنامه‌یه‌ك راستی و دروستی رووداوه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات

لە چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی پاڵاوتنی ئه‌ورووپا بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی 2018ـی رووسیا، له‌ یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئیسرائیل هاندەرێک بە چەقۆ هێرشی کردۆتەوە سەر ئیسکۆی یاریسازی لارۆخا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 10 ئۆكتۆبه‌ری 2017 رۆژنامەی زە سەنی بریتانی بڵاویکردەوە کە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیسپانیا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2018ـی رووسیا، ژمارەیەک لە هاندەرانی ئیسرائیلی دەچنە نێو یاریگا و یەکێک لە هاندەرانیش کە چەقۆی پێ بووە لە کاتی نزیکبوونەوەی لە ئیسکۆ ویستویەتی هێرشی بکاتە سەر، بەڵام لەو کاتە پارێزەرانی یاریگا ئەو هاندەرە دەستگیر دەکەن و رێگری لەو کارەی دەکەن، بەم شێوەیە یاریسازی ئیسپانی یانەی ریال مەدرید لە مەترسیەکی گەورە رزگاری دەبێت.

هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا له‌ یارییه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ گۆڵێكی (یاراماندی) له‌ ئیسرائیلی برده‌وه‌، پێش ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی راستوخۆ بلیتی مۆندیالی داهاتووی بڕیبوو، هه‌ڵبژارده‌ی ئیسرائیلیش له‌ گه‌یشتن به‌ مۆندیال بێبه‌ش بوو.