بەڤیدیۆ.. کاتێک ئیکوادۆر گۆڵێکی لە ئارجێنتینا کرد خەریکبوو مێسی بمرێت
بەڤیدیۆ.. سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئارجێنتینا بە گریانەوە مێسی لەباوەش دەگرێت
K24- هەولێر
مێسی بە هاتریکێک ئارجێنتینای گەیاندە مۆندیالی 2018 و بەرامبەر ئیکوادۆر سەرکەوتنی بۆ سەماکارانی تانگۆ بەدەستهێنا.
لیۆنێل مێسی لە بەرامبەر ئیکوادۆر لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور سەرکەوتنی بۆ ئارجێنتینا بەدەستهێنا و 3-1 بردیانەوە، کە مێسی بە 21 گۆڵ بووە گۆڵکاری مێژوویی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیال و پێنجەم هاتریکیشی بە درێسی ئارجێنتینا تۆمارکرد.
دوای یارییەکەی ئیکوادۆر مێسی کە ماوەیەکی زۆربوو میدیاکانی بایکۆت کردبوو و بەهۆی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیزکوێل لاڤێزی و یاریزانەکانی دیکەی ئارجێنتینا ئامادە نەبوو قسە بۆ میدیاکان بکات، مانگرتنکەی شکاند و لەبارەی یارییەکەیان قسەی بۆ میدیاکان کردد و گوتی دوای ئەوەی ئیکوادۆر گۆڵی کرد، خەریکبوو بمرم.
لیۆنێل مێسی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا:
ئێمە بۆ بردنەوە هاتینە ئێرە، بەڵام بەهۆی دۆخەکەمان لە ریزبەندی گشتی و بەرزی یاریگەی یارییەکە لە ئاست رووی دەریاوە ئەرکمان سەخت بوو، هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد نەگەینە مۆندیال، شێتی بوو ئەگەر مۆندیال بەبێ ئارجێنتینا بەڕێوە چووبا، زۆر سووپاسی هاندەران دەکەم بەمدوواییانە سەرەڕای دابەزینی ئاستی هەڵبژاردەکەیان بەڵام هەر هانیان دەداین و پاڵپشتمان بوون.
هەوڵمان دا لەپێناوی سەرکەوتن بجەنگین، بەڵام کاتێک ئیکوادۆر گۆڵی یەکەمی کرد، خەریکبوو دەمردم، سەدان شتم بە مێشکدا هات.
بەڵام خۆشبەختانە توانیمان گۆڵی بەرامبەربوون تۆمار بکەین و دواتر گۆڵی دووەم و سێیەمیش بکەین.
پێویستە پەنجە بخەینە سەر هەڵە و کەموکوڕییەکانمان ، بۆ ئەوەی تیپێک بوونیاد بنێین بتوانێت رکابەریی لەسەر نازناوەکە بکات.
راستە بەهۆی هێرشەکانیان بۆ سەر لاڤێزی ماوەیەک میدیاکانم بایکۆت کردبوو، بەڵام ئێستا بایکۆتکردن کۆتایی هات، ئێستا پێویستە هەموومان بەیەکەوە بۆ ئارجێنتینا یەکبگرین و هەوڵ بدەین ئەمجارەیان مۆندیال بەدەست بهێنین، هیوادارم بتوانین ئەمجارە نازناوەکە بەدەست بهێنین، چونکە زوڵم بوو لە دوایین سێ ساڵدا لە فایناڵی مۆندیال و کۆپا ئامیریکا شکستمان هێنا.
دوای یارییەکەی ئارجێنتینا، کلاودیۆ تاپیای سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئارجێنتینا بە چاوی پڕ فرمێسکەوە باوەشی بە مێسیدا کرد و سووپاسی کرد بۆ ئەو هاتریکەی لە یارییەکە تۆماریکرد و توانی هەڵبژاردەکە بگەیەنێتە مۆندیالی رووسیا.

خۆرخێ سامپاولی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا دوای یارییەکەی ئیکوادۆر ستایشی ئاستی مێسی کرد و داوای لە خۆی و یاریزانەکانی دیکە کرد بەخۆیان دابچنەوە
خۆرخێ سامپاولی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا:
من بە شاندی هەڵبژاردەکەمم و یاریزانەکانم گوت مێسی مۆندیالێک قەرزاری ئارجێنتینا نییە و ئەوەی لەسەرییەتی کردوویەتی، بەڵام تۆپی پێ مۆندیالێک قەرزاری مێسییە. ئێمە دڵخۆشین بەیەکەوە یارمەتی مێسیمان دا بتوانێت جارێکی دیکە لە مۆندیال یاریی بکاتەوە، مێسی لە کاتێکی باش دەرکەوت و گۆڵی بەرامبەربوونی تۆمارکرد و هەنگاوی داهاتوومان سەرکەوتنە بۆ مۆندیال، چونکە باشترین یاریزانی جیهان شایستەی ئەوەیە لە باشترین پاڵەوانێتی یاریی بکات، ئێمە بەبەختین چونکە مێسی ئارجێنتینییە.
پێویستە بەخۆمان دابچینەوە و هەڵەکانمان راست بکەینەوە و نابێت هەموومان تەنیا پشت بە میسی ببەستین.