به‌ ڤیدیۆ... به‌رگریكاره‌كانی ئیكوادۆر رێككه‌وتن و كارئاسانیان بۆ مێسی كردووه‌؟

به‌رگریكاره‌كه‌ی ئیكوادۆر یاریزانی لاوانی بارسێلۆنایه‌

 دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوایین یاری پاڵاوتنی ئه‌مێریكای باشوور، لیۆنێل مێسی له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌یاندنی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ مۆندیال سه‌ركه‌وتوو بوو، دوای ئه‌وه‌ی به‌ هاتریكێك له‌ دژی ئیكوادۆر تانگۆ بلیتی مۆندیالی رووسیای بڕی.

دوای سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ (3 ـ 1) گۆڵ له‌ ئیكوادۆر گومانی ئه‌وه‌ دروست بوو كه‌ بۆ كارئاسانی و سه‌رخستنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یاریزانانی ئیكوادۆر كرا بێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌، جۆی بارتۆن یاریزانی پێشووی ئینگلیزی و شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی له‌سه‌ر هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر شیكردنه‌وه‌ بۆ هه‌ر 3 گۆڵه‌كه‌ی لیۆنێل مێسی كرد بوو، هه‌ڵبه‌ت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد بوو ئه‌گه‌ر به‌رگریكاره‌كانی ئیكوادۆر بۆیان كرابا قاچی مێسی ـیان ده‌بڕییه‌وه‌.

جۆی بارتۆن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ناكرێت گومان له‌سه‌ر گۆڵه‌كانی مێسی دروست بێت، چونكه‌ مێسی باشترینی یاریزانی مێژووه‌ و به‌رگریكاره‌كانی ئیكوادۆریش یاریزانانی ئاسایین و له‌و ئاسته‌دا نین بتوانن به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ بۆ مێسی دروست بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ هه‌موومان ده‌یزانین.

ئه‌وه‌ی زیاتر گومانی دروست كرد، داریۆ ئه‌یماری به‌رگریكاری ئیكوادۆر بوو كه‌ هۆكاری دوو گۆڵی مێسی بوو.

داریۆ ئه‌یماری ته‌مه‌ن 22 ساڵ، یاریزانی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیكوادۆرییه‌، ته‌نانه‌ت لۆگۆی یانه‌كه‌ش له‌ بارسێلۆنای ئیسپانیا نزیكه‌، ئه‌مه‌ش وابڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ بارسێلۆنای یانه‌ كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ یاری ده‌كات.