بەڤیدیۆ.. دۆناڵد ترەمپ داوای دەرکردنی یاریزانانی تۆپی پێ دەکات و یاریزانانی هێرتا بەرلینیش دژی دەوەستنەوە

یاریزانانی خولی تۆپی پێی ئەمریکی ئامادە نین بۆ سروودی نیشتیمانی وڵاتەکەیان بوەستن

K24- هەولێر

خەریکە یاریزانانی یاریی تۆپی پێی ئەمریکی یاخی دەبن و دژی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی دەوەستنەوە و بەهۆی هەڵوێستێکی یاریزانە ئەمریکییەکان ترەمپ داوای دەرکردنی چەند یاریزانێک دەکات.
دوای ئەوەی یاریزانانی چەند یانەیەکی خولی تۆپی پێی ئەمریکی وەکو ناڕەزایەتییەک دژی مامەلە و توندوتیژییەکانی پۆلیس بەرامبەر رەشپێست و کەمینەکانی ئەمریکا لە چەند یارییەکی خولەکە ئامادە نەبوون لە کاتی گوێگرتن لە سروودی نیشتیمانی ئەمریکا و بەرزکردنەوەی ئاڵا بوەستن، لە سەرەتای ئەم مانگە ئەم دیاردەیە بووە هۆی ئەوەی مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا یارییەکی خولی ئەمریکی بەجێبهێڵێت.
ئەمەش دوای ئەوە هات، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە یاریی نێوان سان فرانسیسکۆ و ئیندیاناپۆلیس ئامادە بوو، لە کاتی وەستانیان بۆ گوێگرتن لە سروودی نیشتیمانی، چەند یاریزانێکی یانەی سان فرانسیسکۆ ئامادە نەبوون بوەستن، وەکو هەڵوێستێک بۆ ئیدانەکردنی توندوتیژییەکانی پۆلیس و کردەوە رەگەزپەرستییەکانی ئەم دواییە بەرامبەر کەمینەکان ئەژنۆیەکیان خستە سەر زەوی، ئەمەش بووە هۆی تووڕەکردنی مایک پێنس و یاریگەکەی بەجێهێشت.
دۆناڵد ترەمپ دواتر رایگەیاند، بەهۆی نەوەستانی یاریزانەکان بۆ سروودی نیشتیمانی ئاڵای ئەمریکا ئەو داوای لە جێگرەکەی کردووە یاریگە بەجێبهێڵێت و داوای لە سەرپەرشتیارانی خولی تۆپی پێ ئەمریکی ناسراو بە (NFL) کرد، هەر یاریزانێک رێز لە سروودی نیشتیمانی و ئاڵای ئەمریکا نەگرێت، لە خولەکە دووربخرێتەوە و دەربکرێت.


یاریزانانی یانەی هێرتا بەرلینی ئەڵمانی وەکو پاڵپشتییەک بۆ یاریزانانی تۆپی پێی ئەمریکا، ئەوانیش لە سەرەتای ئەم هەفتەیە پێش دەستپێکردنی یاریی یانەکەیان لە بەرامبەر شاڵکێ هەمان سیناریۆی یاریزانە ئەمریکییەکانیان دووبارە کردەوە و سەرجەم یاریزانانی یانە ئەڵمانییەکە و راهێنەرەکەیان لەسەر ئەژنۆی راستیان وەستان و توندوتیژییەکانی پۆلیس و رووداوە رەگەزپەرستییەکانیان ئیدانە کرد، کە بووە هۆی ئەوەی رابیتەی یانەکانی بۆندزلیگا دەستخۆشیان لێبکات و ستایشیان بکات.
ساڵێک لەمەوبەر ئەم هەڵوێستە بۆیەکەمجار لەلایەن کۆلین کاپەرنیکی یاریزانی سان فرانسیسکۆوە نواندرا، دوای ئەوەی پۆلیسی ئەمریکا چەند کردەوەیەکی رەگەزپەرستی بەرامبەر کەمینەکان ئەنجام دا و توندوتیژی لە دژی بەکارهێنان.

کۆڵین کاپەرنیک، یاریزانی تۆپی پێی ئەمریکی یانەی سان فرانسیسکۆ
کۆڵین کاپەرنیک، یاریزانی تۆپی پێی ئەمریکی یانەی سان فرانسیسکۆ