كۆنگرێسمانێك داوا ده‌كات چەکی ئەمریکی بۆ رووبەرووبوونەوەی كورد بەکار نه‌هێنرێت

نیگه‌رانی خۆی له‌ گرژییه‌كان ده‌ربڕیوه‌

K24 - هه‌ولێر:

چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە زنجیره‌ تویتێک نیگەرانی و پاڵپشتی خۆی بۆ کورد لە کەرکووک دووپاتکردەوە.

چەک شومەر، لە توویتێکدا داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات هەوڵی گفتوگۆی بەپەلە بدات لە نێوان کورد و عێڕاق.

چاک شومر، سێناتۆری ئەمریکی داوا دەکات چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئاڵۆزییەکانی کەرکووک بدۆزرێتەوە و دەڵێت پێویستە ئەم چارەسەرە کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش نەبێت و هەروەها رێگر نەبێت لەوەی کوردەکان بە مافە رەواکانی خۆیان بگەن.

داواش لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات دەستبەجێ دیالۆگێک لەنێوان حکومەتی عێراقی و دەسەڵاتدارانی کوردستان رێک بخات. دەشڵێت پێویستە وزە و سەرچاوەکانی هێزەکانی عێراقی و پیشمەرگە لەشەڕی یەکتری بەفیڕۆ نەچێت، بەڵکو لە شەڕی دژی داعش بەکار بێت.

پێشتریش جۆن مه‌ككه‌ین، سیناتۆری كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، نیگه‌رانی خۆی له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌مه‌ریكی له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كورد نیشاند و رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش عێراقی پڕچه‌ككرد، نه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كه‌مان.