پارتى گه‌لى توركمانى: له‌ كه‌ركووك حه‌شد و جه‌بهه‌ى توركمانى باره‌گاكانى ئێمه‌يان تاڵانكرد

هه‌ڵيانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵى سكرتێرى پارتى گه‌لى توركمانى عرفان كه‌ركووكلى

K24 – هه‌ولێر:

سكرتێرى راگه‌ياندنى سه‌رۆكى پارتى گه‌لى توركمانى، محه‌ممه‌د كه‌ركووكلى تايبه‌ت به‌ كوردستان 24ى راگه‌ياند، ئه‌مڕۆ چه‌كدارانى عه‌سائيب و جه‌بهه‌ى توركمانى هه‌ڵيانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵى سكرتێرى پارتى گه‌لى توركمانى عرفان كه‌ركووكلى و باره‌گاكانى ئه‌و پارته‌ و تاڵانيان كردوون.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى گه‌لى توركمانى، عه‌سائيب له‌سه‌ر ديوارى باره‌گاكه‌يان درووشمى تائيفيان نووسيوه‌ و كردوويانه‌ته‌ باره‌گاى خۆيان.

محه‌ممه‌د كه‌ركووكلى روونيشيكرده‌وه‌، ئه‌و په‌لامار و داگيركردنه‌ى باره‌گاكه‌يان به‌ چاوساغى ئه‌رشه‌د ساڵحى سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى و چه‌كداره‌كانى ئه‌نجامدراوه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، دوێنێ له‌ كاتى ده‌رچوونيان له‌ كه‌ركووك له‌ لايه‌ن چه‌كدارانى حه‌شده‌وه‌ ته‌قه‌يان ئاراسته‌ كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندامانى ديكه‌ى پارته‌كه‌يان، محه‌ممه‌د كه‌ركووكلى باسى له‌وه‌شكرد، كه‌ ئه‌مڕۆ چه‌كدارانى جه‌بهه‌ى توركمانى و حه‌شد چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵى ژماره‌يه‌ك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سياسييان و ته‌قه‌يان به‌سه‌ر ماڵه‌كانياندا كردووه‌.

هاوكات به‌ گوێره‌ى ئه‌و زانياريانه‌ى ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتوون، جه‌بهه‌ى توركمانى ئاڵاى خۆى له‌سه‌ر ژماره‌يه‌ك باره‌گاى حزب و لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ كه‌ركووك هه‌ڵكردووه‌.