یەكێتی پارێزگاری نوێی كەركووك ئاشكرا دەكات
بەرپرسی ئەمنی بۆ شارەكە دیار دەكەن
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی وەك پارێزگاری كەركووك دادەنرێت.
سەعدی پیرە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ رزگار عەلی، دەكرێت بە پارێزگاری كەركووك و خەتابە رەش، كە پێشمەرگەیەكی كۆنی یەكێتییە دەكرێت بە بەرپرسی ئەمنی شاری كەركووك".
ئەمە لەكاتێكدایە دوای ئەوەی نەجمەدین كەریم، بڕیاری ھەڵكردنی ئاڵای كوردستانیدا لەسەر باڵەخانەی پارێزگا و فەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك، لەلایەن حكوومەتی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەیدرا، بەڵام تا ئێستاش ھێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە كەركووك كار بە بڕیاری حكوومەتی عێراق ناكەن.
لە 16 ئەم مانگەدا حەشدی شەعبی بە ھاوكاری ژمارەیەك فەرماندەی یەكێتی كەركووكیان كۆنترۆڵكرد، ئەمەش نیگەرانی لای خەڵكی كوردستان و بەشێك لە سەركردەكان و كادیر و ئەندامانی ئەو حزبەی لێدەكەوتەوە.