زاخۆ لە خولی نایابی عێراق بەردەوام دەبێت
ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی مافی رێگەپێدانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەدەست بهێنێت
K24- هەولێر
یانەی زاخۆ لە خولی نایابی عێراق بەردەوام دەبێت و رەتیدەکاتەوە بەنیاز بێت پاشەکشە لە خولەکە بکات.
دوای ئەوەی دەنگۆی کشانەوەی یانەی زاخۆ لە خولی نایابی عێراق بڵاوکرایەوە، هشیار دۆبانکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان بیریان لە کشانەوە لە خولەکە نەکردووەتەوە و بڕیاریان داوە بەشداریی یارییەکانی وەرزی نوێ بکە و لە ئێستاشدا یاریزانانی یانەکە لەسەر راهێنان و ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێی خولەکە بەردەوامن و کارگێڕانی یانەکەش خەریکی تەواوکردنی رێکارەکانی بەدەستهێنانی مافی رێگەپێدانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقن بۆ بەشداریکردن لە خولەکە.
رۆژی یەکشەممەدای داهاتوو تیروپشک بۆ 26 یانەکەی خولی نایابی عێراق دەکرێت و رۆژی 18ی مانگی داهاتووش خولەکە دەستپێدەکات، کە ئەم وەرزە یانەکانی هەولێر، سلێمانی و زاخۆ و گازی باکوور لە کوردستان بەشداریی خولەکە دەکەن.