یانەی هەولێر بڕیاری دا بەشداریی خولی نایابی عێراق بکات

دەستەی راهێنەرانی بۆ تیپی خولی عێراق دەستنیشانکرد و گواستنەوەی دوو یاریزانیشی راگەیاند

K24- هەولێر

یانەی هەولێر بڕیاری دا بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بکات و دەستەی راهێنەرانیشی بۆ بەشداریکردن لە خولەکە دەستنیشانکرد.

یانەی هەولێر کە وەرزی رابردوو لە ناوەڕاستی وەرزەوە بەهۆی دۆخی ئەمنی و ئاژاوەی هاندەرانی یانەکانی خوارووی عێراق پاشەکشەی لە خولەکە کرد، بڕیاری دا بەشداریی وەرزی 2018/2017ی خولەکە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری دا تارق حەجیای راهێنەری توانای جەستەیی یانەکەی وەکو راهێنەری یانەکە دەستنیشان بکات و تەها قادریش ببێتە یاریدەدەری، جەمیل مەحموودیش وەکو راهێنەری گۆڵپارێزەکان لەگەڵ یانەکە کار دەکات.

یانەی هەولێر کە پێشتر چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولەکە، بەفەرمی گواستنەوەی دیار یاخی و هونەر ئەحمەدی لە یانەی زاخۆوە بۆ ریزەکانی راگەیاند و لە پێکهاتەی یانەکەدا زۆربەی یاریزانەکانی کوردن و تەنیا دوو یاریزانی عەرەب لە یانەکە یاریی دەکەن.

رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تیروپشک بۆ ئەو 26 یانەیە دەکرێت کە بەشداریی لە خولەکە دەکەن و یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش دەکرێن و رۆژی 18ی مانگی داهاتووش یەکەم گەڕی خولەکە دەستپێدەکات.