بەڤیدیۆ.. پێش ئەوەی یاری دەستپێبکات بە کارتی سوور کرایە دەرەوە

یەکەمجارە لە مێژووی یۆرۆپالیگ رووداوێکی وا رووبدات

K24- هەولێر
پێش ئەوەی یاریی یانەکەی لە یۆرپالیگ دەستپێبکات، پاتریس ئێڤرا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
پێش ئەوەی یاریی نێوان مارسێی و ڤیتۆریا گیمارێشی پۆرتوگاڵی دەستپێبکات، بەهۆی ئەوەی هاندەرانی یانە پۆرتوگاڵییەکە قسەیان بە ئێڤرای بەرگریکاری یانە فڕەنسییەکە گوتبوو، ئەو بەرگریکارە 36 ساڵانەش هێرشی کردە سەریان و بەهۆی لێدانی لە هاندەرێکی ڤیتۆریا گرژی لە نێوان هاندەران و یاریزانانی مارسێی دروستبوو و پۆلیسی ئێڤرای بردەوە ژووری جلگۆڕین، بەڵام ناوبژیوانی یارییەکە لە ژووری جلگۆڕینەوە بە کارتی سوور لە یارییەکە کردییە دەرەوە، هەرچەندە ئێڤرا ناوی لە لیستی یاریزانە سەرەکییەکانی مارسێی نەبوو.
ئێڤرای بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد و یۆڤێنتۆس کە ئێستا بەهۆی دابەزینی ئاستی لەسەر کورسی یەدەگ دادەنیشێت، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە.
مارسێی بە 11 یاریزان دەستی بە یارییەکە کرد، چونکە ئێڤرا یەدەگ بوو، بەڵام لە یارییەکە لە دوا خولەکەکان یاریزانێکی دیکەی مارسێی بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و مارسێی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی دۆڕاند.