بەڤیدیۆ.. بەهێزترین خانمی جیهان لە رووسیایە
ناتالیا کۆزنیتسۆڤا دەتوانێت بە دەستێکی 75 کیلۆ بەرز بکاتەوە
K24- هەولێر
ناتالیا کۆزنیتسۆڤا 12 ساڵە خەریکی یاریی بەرزکردنەوەی قورساییە و بە یەکێک لە بەهێزترین خانمانی جیهان دادەنرێت.
کۆزنیتسۆڤا جیاواز لە زۆربەی خانمانی دونیا وازی لە ناسکی و خووی ژنانەی خۆی هێناوە و بەرۆکی یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی گرتووە، بووەتە یەکێک لە بەهێزترین خانمانی جیهان و جەستەی ئەوەندە بەهێز بووە، هەندێک کەس کاتێک یەکەمجار دەیبینن وادەزانن پیاوە.
ناتالیای 26 ساڵان 12 ساڵە خەریکی ئەم یارییەیە، لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستی بە یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی کردووە و تاکو ئێستا بەردەوامە.
ناتالیا ئێستا یەکێکە لە پاڵەوانەکانی رووسیا و جیهان و تاکو ئێستا شەش مێدالیای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و لە تەمەنی 15 ساڵییەوە یەکەم مێدالیای لەملکردووە.
ئەم خانمە رووسییە بە گوتەی خۆی لە تەمەنی 4 ساڵییەوە دەوروبەری هەستیان بە جیاوازیی و بەهێزی ماسوڵکەکانی ئەو کردووە، بۆیە تاکو ئێستا جیاواز لە زۆربەی خانمانی جیهان لەبری ماکیاژ، دەست و پەنەجەی لەگەڵ یارییەکانی ئاسن نەرم کردووە.
ناتالیا دەتوانێت بە یەک دەستی 75 کیلۆ بەرز بکاتەوە، لە تواناشیدا هەیە 240 کیلۆ بەیەکەوە بەرز بکاتەوە و ریکۆردی بەناوی خۆی تۆمارکردووە.
باڵای کۆزنیستۆڤا 171 سانتیمە و کێشیشی 104 کیلۆیە و سینگی 124 سانتیمە و ناوقەدی ئەم خانمەیاریزانەش 86 سانتیم دەبێت.