پریڤیوی یاری.. بۆرووسیا دۆرتمۆند لە کلاسیکۆی ئەڵمانیا میوانداریی بایرن میونشن دەکات
کلاسیکۆی ئەڵمانیا زەردەواڵەکان و باڤارییەکان کۆدەکاتەوە
نووسینی: لوقمان عەلی
سبەی کلاسیکۆی ئەڵمانیا لە نێوان بۆرووسیا دۆرتمۆند و بایرن میونشن لە یاریگەی سیگناڵ ئیدۆنا پارک بەڕێوە دەچێت و یارییەکە کاتژمێر 20:30 بە کاتی هەولێر لەمیانی یارییەکانی گەڕی یازدەمینی بۆندزلیگا ئەنجام دەدرێت. پێش ئەم یارییە باڤارییەکان بە 23 خاڵ پێشەنگیان گرتووە و زەردەواڵەکانیش بە 23 خاڵ بە جیاوازیی سێ خاڵ لە پلەی دووەم دێن.
ـ لە دوایین 10 یاری نێوانیان، بایرن لەسەر دەستی دۆرتمۆند تەنھا جارێک دۆڕاوە، شەش یاری بردۆتەوە و لە سێ یاریش یەکسانبووە.
ـ دۆرتمۆند لەدوایین سێ یاری بەرانبەر یانە باڤارییەکە تامی بردنەوەی نەکردووە، لە دوو یاری دۆڕاوە و لە یارییەکیش یەکسانبووە، ئەمەیش خراپترینە لەوەتەی مانگی دیسێمبەری 2016 کاتێک لە سێ یاری لەسەر یەک یەکسانبوو.
ـ بایرن لە دوایین سێ یاری بەڕابەرایەتی یۆب ھاینکس سەرکەوتنی تۆمار کردووە، ھەشت گۆڵی کردووە و تۆڕی گۆڵەکەیشی نەھەژێندراوە.
ـ لە سیگناڵ ئیدۆنا پاڕک، زەردەواڵەکان لە پێنج یاریدا بەرانبەر بایرن تەنیا لە یەک یاری بردنەوەیان تۆمار کردووە، لە دوو یاری شکستباربوون، دوو یاریش یەکسانبوون.
ـ دوای گەڕانەوەی ھاینکس وەک راھێنەر، ھیچ یاریزانێک لەریزی یانەکە وەک کینگلسی کۆمان نەبووە، ئەو یاریزانە دوو گۆڵی تۆمار کرد، دوو گۆڵیشی درووستکرد.
ـ دۆرتمۆند لە دوایین سێ یاری تۆڕی گۆڵەکەی 9 جار ھەژێندرا، ھیچ یانەیەکی بۆندسلیگا لە دوایین سێ یاری خۆیدا ئەوەندەی لێ تۆمارنەکراوە، ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە پێنج یاری یەکەم تەنیا گۆڵێکیشی لێتۆمارنەکرا.
ـ دۆرتمۆند پێویستی بە 6,5 لێدان بۆ گۆڵ ھەیە بۆ ئەوەی گۆڵێک تۆمار بکەن، ئەمەیش کەمترینە لە ھەر یانەیەکی تری خولەکە.
ـ بایرن لە دوایین 20 یاری خۆیدا،لەدەرەوەی یاریگەی خۆی تەنھا لەیەک یاریدا شکستی خواردووە، ئەم شکستەیش بەرانبەر ھۆفێنھایم بوو.
ـ دوای 10 گەڕ، بایرن 24 گۆڵی کردووە،7ـیشی لێکراوە، لەبەرانبەردا، دۆرتمۆند 27 گۆڵی کردووە و، 16ـشی لێکراوە.
ـ ھەردوو یانە لە بۆندزلیگا 114 جار بەرانبەر بەیەک وەستاونەتەوە، باڤارییەکان 52 جار براوە بوون، دۆرتمۆند 29 یاری، لە 33 یاریشدا یەکسانبوونە.