توركیا داوا ده‌كات به‌غدا 17%ـی بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا: نارده‌نه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێممان رانه‌گرتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئیبراهیم كالن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا رایگه‌یاند: "توركیا ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدای ئاگاداركردووه‌ كه‌ 17% پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بوودجه‌ی ساڵی 2018 بنێرێت، چونكه‌ توركیا نایه‌وێت زیان به‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی توركیا رانه‌گرتووه‌".

كالن له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گووتی: "ریفراندۆم، توركیای ناچاركرد زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنی فشارخستنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و بكات و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانیشی راگرت، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا راوه‌ستا و داوایكرد ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل یان بدرێته‌ به‌غدا یان پێكه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی ئیداره‌ی بكه‌ن".

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "توركیا تا ئێستا بریاری نه‌داوه‌ نه‌وتی كوردستان له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانه‌وه‌ رابگرێت، چونكه‌ ئه‌و نه‌وته‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، داهاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی فیدراڵی، بۆیه‌ له‌سه‌ر به‌غدا پێویسته‌ پشكی 17% له‌ بوودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت".