حه‌شدی شه‌عبی له‌وه‌ ناڕازییه‌ كه‌ بودجه‌یان ته‌نیا له‌ هی 6 وه‌زاره‌ت زیاتره‌

محه‌مه‌د ناجی سه‌رۆكی لیستی به‌در گوتی، پشكی حه‌شدی شه‌عبی كه‌مه‌ و پێویستی به‌ زیادكردن هه‌یه‌

K24- هه‌ولێر:

پشكی حه‌شدی شه‌عبی له‌ بودجه‌ی عێراق 1 ترلیۆن و 700 ملیار دیناره‌، لایه‌نه‌ شیعیه‌كانیش له‌و بڕه‌ ناڕازیین و داوای زیاد كردنی ده‌كه‌ن، هاوكات لیژنه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ پێكهێنراوه‌.

دوای خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2018‌ و مانه‌وه‌ی خه‌رجی و مووچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی وه‌كو خۆی، لایه‌نه‌ شیعیه‌كان له‌وه‌ ناڕازین و داوای زیادكردنی ده‌كه‌ن.

محه‌مه‌د ناجی ، سه‌رۆكی لیستی به‌در له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، یاسای حه‌شدی شه‌عبی پێویستی به‌ ورده‌كاری زیاتر هه‌یه‌, بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادی لیژنه‌یه‌كی پێكهیناوه‌. هه‌روها گوتی، پشكی حه‌شدی شه‌عبی كه‌مه‌ و پێویستی به‌ زیادكردن هه‌یه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ حه‌مدییه‌ حوسه‌ینی، په‌رله‌مانتاری لیستی مواتن، رایگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك بۆ بودجه‌ و مووچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ بكرێت.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌ پشتڕاستكراوه‌كانیش، بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2018 به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شكراوه‌ و، به‌شی هه‌ره‌ زۆری بۆ وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منیه‌كان و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڕوات:

 خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ بودجه‌ی عێراق به‌ ترلیۆن دینار

وه‌زاره‌تی ناوخۆ: 10.8

وه‌زاره‌تی به‌رگری: 9.2

حه‌شد: 1.7 ترلیۆن

هه‌واڵگری و فرقه‌ی تایبه‌ت: 0.436

 پشكی سێكته‌ره‌كان له‌ بودجه‌ی 2018ی عێراق به‌ ترلیۆن دینار‌

سه‌ربازی وئه‌منی: 22.5

په‌روه‌رده‌ 1.8

خوێندنی باڵا: 2.3

ته‌ندروستی: 2

ئاوه‌دانكردنه‌وه‌: 1.8

  خه‌رجی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق به‌ ترلیۆن دینار

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران: 0.234

سه‌رۆكایه‌تی كۆمار: 0.518

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران: 2.3

پشكی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ترلیۆن دینار

هه‌ولێر: 2.5

سلێمانی: 2.7

دهۆك: 1.65   

بودجه‌ی حه‌شد له‌ 6 وه‌زاره‌ت زیاتره‌

رۆشنبیری + پلاندانان+ گه‌یاندن + گواستنه‌وه ‌ +وه‌رزش و لاوان+ داد = 1.3 ترلیۆن دینار

حه‌شدی شه‌عبی (122.000 چه‌كدار) = 1.7 ترلیۆن دینار