ژاپۆنييه‌كان گوێ به ئيڤانكا ناده‌ن
له رووى ميدياييه‌وه بايه‌خى زۆر به‌و وتاره‌ى ئيڤانكا درا
K24 – هه‌ولێر:
ئيڤانكاى كچى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مريكا له كۆنگره‌ى ساڵانه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى جيهانى ژنان له تۆكيۆ شانبه‌شانى سه‌رۆك وه‌زيرانى ژاپۆن شينزۆ ئابێ به‌شدارى كرد، به‌ڵام تێبينى ئه‌وه ده‌كرا كه ژاپۆنييه‌كان قسه‌كانى ئيڤانكايان به‌لاوه گرنگ نه‌بێت.
له رووى ميدياييه‌وه بايه‌خى زۆر به‌و وتاره‌ى ئيڤانكا درا و پێشتر ئاماده‌كارى زۆرى بۆ كرابوو، به‌ڵام ئه‌و وێنانه‌ى له باره‌ى چالاكييهكهوه بڵاوبوونه‌وه، پيشانى ده‌ده‌ن كه هۆڵه‌كه پڕ نييه له ئاماده‌بووان و ته‌نانه‌ت نيوه‌ى هۆڵه‌كه چۆڵه.

رۆژنامه‌ى گارديانى بريتانى بڵاويكردووه‌ته‌وه، كه به‌رپرسان وتوويانه وتاره‌كه‌ى ئيڤانكا باش‌ترين ئاماده‌كارى ميديايى بۆ كرابوو، رێوشوێنى پێويستيشى بۆ گيرابووه به‌ر به‌ڵام ژاپۆنييه‌كان به دهمييهوه نه‌هاتوون و بهلايانهوه جێى بايه‌خ نه‌بووه.
گارديان باسى له‌وه‌شكردووه، پهيامنێرهكهيان به‌ر له 10 خولهك له ده‌ستپێكى وتاره‌كه گه‌يشتووه‌ته هۆڵه‌كه و هيچ قهرهباڵغييهكى له ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌كه نه‌بينيوه.

ئيڤانكا له وتاره‌كه‌يدا باسى له گێچه‌ڵى سێكسى به ژنان ده‌كرد و داوايدهكرد به هيچ شێوه‌يه‌ك رێگه به گێچه‌ڵى سێكسى نه‌درێت.
هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌ى ده‌كرد، ئه‌و ژنانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى ماڵدان و كار ده‌كه‌ن ده‌بێت بپارێزرێن له گێچه‌ڵى سێكسى.