نوجێفی مه‌رجه‌كانی سوننه بۆ پاڵپشتی عه‌بادی ئاشكرا ده‌كات
جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق: حه‌شدی شه‌عبی گه‌وره‌تیرین كێشه‌ی عێراقی پاش داعشه

K24 هه‌ولێر:
ئوسامه نوجێفی، جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق و یه‌كێك له گه‌وره سیاسییه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه، رایگه‌یاند: "كاتێك پاڵپشتی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كه‌ن بۆ خولێكی دیكه ببێته‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌گه‌ر پابه‌ندنی به‌ڵێنه‌كانی ببێت و گرووپه چه‌كداره‌كانی شیعه بخاته‌وه باوه‌شی ده‌وڵه‌ت و هاوسه‌نگی له په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه رابگرێت".
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له دیداریكدا له‌گه‌ڵ ئوسامه نوجێفی لێی پرسیوه، ئایا پاڵپشتی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كه‌ن؟، له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی: "بێگوومان ئه‌وه ئه‌گه‌رێكی نزیكه. به‌ڵام ئه‌و پرسه تا ئێستا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه، پێش ئه‌وه پێویستمان به دانووستانه، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به نزیكترین ره‌وتی سیاسی ده‌زانین له خۆمان".
نوجێفی ده‌ڵێت: "به‌ڵام له‌سه‌ر عه‌بادی پێویسته بارودۆخی خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه، چونكه سه‌ر به حزبی ده‌عوه‌ی شیعییه كه مه‌یلیان به‌لای ئیرانه‌وه هه‌یه و په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتوڵیان له‌گه‌ڵ تاران هه‌یه".
جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "پێویسته حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ژیر ئه‌و چه‌تره مه‌زهه‌بییه بێته ده‌ره‌وه‌و چه‌تری نیشتمانی هه‌ڵبدات، ئه‌گه‌ر وابكات، ئه‌وكاته له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی گه‌لی عێراقه‌وه پاڵپشتی گه‌روه به‌ده‌ست ده‌هێنێت".
ئوسامه نوجێفی رایگه‌یاندووه: "ئیمه پاڵپشتی ده‌كه‌ین، به‌ڵام مه‌رجمان هه‌یه. پێویسته رێككه‌وتنی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی عێراقییه‌كان و ده‌رچوون له سیاسه‌تی تائیفی و كۆنترۆڵكردنی چه‌ك و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێت به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ. ئێمه په‌یڕه‌وێكی گشتگیرمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت، ده‌كرێت به ئاراسته‌ی پاڵپشتیكردنی هه‌نگاوبنێین".
نوجێفی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به ئێرانی به گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق له پاش كۆتاییهاتنی جه‌نگی داعش ناوبردووه‌و گوتوویه‌تی: "ئه‌سته‌مه هه‌ڵبژاردن بكرێت ئه‌گه‌ر پێش ئه‌وه حكومه‌ت كۆنترۆڵیان نه‌كات".