زانیاری نوێ لەبارەی رەوانەكردنی كۆسرەت رەسوڵ بۆ دەرەوەی وڵات بڵاودەبێتەوە

"ھەوڵدەدرێت لە رێگەی ئەم فڕۆكەخانەیە رەوانە بكرێت"

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك ئەمڕۆ كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت، بەرپرسێكی دەروازەی ئیبراھیم خەلیلیش بە كوردستان24 راگەیاند، ئەمڕۆ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ھاوسەری كۆسرەت رەسوڵ لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیلەوە چوونەتە توركیا.

پەیامنێری كوردستان24 لە زاخۆ لە زاری بەرپرسێكی ئاسایشی دەروازەی ئیبراھیم خەلیل ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ ھەر یەك لە سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ ھاوسەری كۆسرەت رەسوڵ، بە دەروازەی ئیبراھیم خەلیلدا چوونە دیوی توركیا، بە مەبەستی سەفەركردنی كۆسرەت رەسوڵ لە رێگەی فڕۆكەخانەی شرناخەوە، كە دەگوترێت بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی دەبرێتە وڵاتی ئەڵمانیا".

ئەمە لەكاتێكدایە نووسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ و كەسە نزیكەكانی تا ئێستا ھیچ لێدوانێكی فەرمیان لەبارەی بردنە دەرەوەی كۆسرەت رەسوڵ نەداوە.

مەسعودی مەلا ھەمزە، سكرتێری رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ، ھەواڵی ناردنە دەرەوەی كۆسرەت رەسوڵی پشتراست نەكردەوە و بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر ھەر شتێك لەبارەی كاك كۆسرەت ھەبێت بە فەرمی بڵاوی دەكەینەوە و ئەوەی كە پەیوەندیشی بەباری تەندروستی كاك كۆسرەتەوە ھەبێت، ئەوا لە رێگەی تیمی تەندروستیەوە رادەگەیەندرێت".

رۆژی 11 ئەم مانگە كۆسرەت رەسوڵ، لە سلێمانی باری تەندروستی تێكچوو، دوای ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە نەشتەرگەریەكی بۆ كرا.